لە ئەڵمانیا هەوڵی کودەتا بەسەر حکومەتدا درا
  2022-12-07       762       

  

هێزە ئەمنییەکانی ئەڵمانیا لە چەند ئۆپراسیۆنێکدا ٢٥ کەسیان بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کودەتا بەسەر حکومەتدا دەستگیرکرد، ئەوەش بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئەو وڵاتە. 

ئاوێنە: بەپێی زانیاریی سەرەتایی میدیاکانی ئەڵمانیا، ئەو کەسانە سەر بە پارتە توندڕەوە ڕاستڕەوەکان بوون و هەوڵیانداوە سەرەتا هێرش بکەنەسەر پەرلەمان و دواتر دەسەڵات بگرنەدەست. 

بەپێی وتەی داوای گشتیی فیدڕاڵیی ئەڵمانیا، گوایە پیاوێکی ئەڵمانی کە بە شازادە هاینریچی سێزدەهەم ناوی براوە و تەمەن ٧١ ساڵە، ڕۆڵی سەرەکی لە پلانەکەدا هەبووە.  

دەشڵێت، ئەو یەکێکە لەو دوو کەسەی کە گوایە سەرکردەی گرووپەکەیان کردووە، کەسەکان لە سەرانسەری ١١ ویلایەتی ئەڵمانیا دەستگیرکراون.  

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی میدیاکانی ئەڵمانیا، دەوترێت ئەو پیلانگێڕانە ئەندامانی بزووتنەوەی توندڕەوی ڕیشسبورگێر لەخۆدەگرن، کە لە مێژە بەهۆی هێرشە توندوتیژەکان و تیۆرییە پیلانگێڕییە ڕەگەزپەرستەکانەوە لەژێر چاودێری پۆلیسی ئەڵمانیادان. هەروەها ڕەتیدەکەنەوە دان بە دەوڵەتی مۆدێرنی ئەڵمانیادا بنێن.  

ئەو کەسانەی لە کودەتاکەدا تێوەگلاون  بە ٥٠ ژن و پیاو مەزەندە دەکرێن، گوتەبێژی فەرمانگەی داواکاری گشتی فیدراڵی دەڵێت "هێشتا ناوێکمان بۆ ئەم گروپە نییە".  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×