هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق شانازی به‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بڕێكی كه‌می پاره دزراوه‌كان ده‌كات، به‌ڵام تاقیكردنه‌وه گه‌وره‌كه له‌ده‌ستگیركردنی ئه‌وانه‌دایه كه له‌و تاوانه تێوه‌گلاون بۆ رای گشتی ئاشكرابكرێن.
ئاوێنه: هۆشیار زێباری تویتێكی كردوه‌و نوسیویه‌تی، "سودانی [سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق] شانازی به‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بڕێكی دیاریكراوی پاره‌ی دزیی سه‌ده‌وه ده‌كات، كه بڕه‌كه‌ی 2 ملیار‌و 500 ملیۆن دۆلاره، به‌ڵام گرنگه ئه‌و كه‌سانه ده‌ستگیربكرێن كه ده‌ستیان له‌و گه‌نده‌ڵییه‌دا هه‌بووه."
هۆشیار زێباری راشیگه‌یاندووه، بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕه پاره‌یه ده‌ستی سودانی ده‌گوشین، بەڵام تاقیکردنەوەکە بریتییە لەدەستگیرکردنی تێوه‌گلاوه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و پرۆسە گەندەڵییه رێكخراوه‌دا له‌بەرپرسانی ناسراو، هه‌روه‌ها لەبەردەم رای گشتی عێراقیدا ئاشكرایان بكات، بۆ ئەوەی ببنه په‌ند بۆ كه‌سانی دیكه‌ش.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه نوسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان توانیویانه بڕێکی دیکەی پاره دزراوه‌كه‌ی بانكی رافیده‌ین كه بڕه‌كه‌ی 134 ملیار دینار‌و 455 ملیۆن و 600 هه‌زار دیناره بووه بگه‌ڕێننه‌وه، به‌و شێوه‌یه‌ش كۆی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی بانكی رافیده‌ین كه تا ئێستا گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه گه‌یشتووه‌ته 317 ملیار‌و 535 ملیۆن و 536 هه‌زار و 525 دینار.
27ی مانگی ڕابردوش محه‌ممه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا 182 ملیار دیناری ده‌سته‌ی باج گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه، كه پێشتر به‌چوار قۆناغ بڕی زیاتر له 3.7 ترلیۆن دینار له‌لایه‌ن پێنج كۆمپانیاوه وه‌رگیراوه.
لەماوەی 11 مانگدا واتە لەمانگی ئەیلولی 2021وە بۆ مانگی ئابی 2022 بە 247 چه‌کی بانکی لەدو لقی بانکی رافیدەین، بڕی سێ ترلیۆن و 701 ملیار‌و 380 ملیۆن و 882 هەزار دینار راكێشراوه، سه‌رجه‌م ئه‌و پاره‌یه‌ش بردراوه‌ته ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ئه‌مه‌ش به‌دزی سه‌ده له‌لایه‌ن به‌رپرسان و چاودێرانه‌وه وه‌سفكرا.