''ئەگەر هەیە نرخی 100 دۆلار بگاتە 160 هەزار دینار''
  2022-12-13       782       

 سەرۆکی دامەزراوەی عێراقی ئایندە بۆ توێژینەوە و راوێژی ئابووری دەڵێت، 9 هۆکار لەپشت بەردەوام نزم بونه‌وه‌ی نرخی دیناره‌وه‌یه‌، پێشبینیش دەکات ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بگاتە 160 هەزار دینار.
 
ئاوێنه‌: رۆژی سێشەممە، 13-12-2022، مەنار عوبەیدی، سەرۆکی دامەزراوەی عێراقی ئایندە بۆ توێژینەوە و راوێژی ئابووری، لەبارەی گۆڕانکارییەکان و دابەزینی نرخی دیناری عێراق بەرامبەر بە دۆلای ئەمریکی رایگەیاند: "ژمارەیەک هۆکار لەپشت دابەزینی نرخی دیناری عێراقەوە هەیە، سەرەکیترینیان ئەوەیە لە عێراق سیستەمێکی بانکیی تۆکمە و جێی متمانە نییە، کە بۆ مامەڵە داراییەکان پشتیان پێببەسترێت، بۆیە هێشتا لە مامەڵە داراییەکان پشت بە رێگە کلاسیکییەکە دەبەسترێت، کە مامەڵەی کاشە."
 
ئەو چەند هۆکارێکی دیکەش بۆ دابەزینی دینار دیاریدەکات و دەڵێت: "عێراق نەوتی خۆی بە دۆلار دەفرۆشێت و ئەم پارەیە موڵکی ئەمریکایە، جگە لەوە ئەو بڕە دۆلارەی بانکی ناوەندیی عێراق دەیخاتەڕوو، هێشتا لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە دەکرێت، یان لەرێگەی حەواڵە و پشتپێبەستراوی دیکە، چوونە دەرەوەی بڕێکی زۆری دۆلاری کاش بۆ کاری کڕین کە بازرگانان دەیکەن، جگە لەوە لەبەرئەوەی دۆلار دراوی ئەمریکایە، بۆیە ئەوان دیاریی دەکەن دراوەکەیان بۆ کوێ بڕوات و بۆ کوێ نەڕوات و ئەوان پێوەرەکان دیاری دەکەن، لەگەڵ ئەوانەشدا لە عێراق هێشتا پەیوەندیی بانکەکانی عێراق لەگەڵ بانکەکانی وڵاتانی دیکە پەیوەندییەکی تەواو و بەربڵاو و تۆکمە نییە، بۆیە لە رێگەی نێوەندێکەوە مامەڵەکان دەکرێت لەبری ئەوەی راستەوخۆ بێت." 
 
مەنار عوبەیدی ئاماژەی بەوەدا لەماوەکانی رابردوودا ئەمریکا هەندێک پێوەری دیکەی لەسەر عێراق دیاریکردووە و رەتیکردووەتەوە ئەو پارانەی بنێرێت بۆ عێراق ئەگەر دڵنیانەبێت لەوەی بۆ لایەنە سوودمەندە راستەوخۆکان دەڕوات و ئەوەش بەهۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەزانێت و دەڵێت: "هێشتا بازرگانان نەیانتوانیوە لەگەڵ لایەنی یەکەم و سەرەکی مامەڵە بکەن، بۆیە پارەکان بەدەستی دوو پێیاندەگات، ئەوەش وایکردووە داواکاری لەسەر دۆلار بۆ حەواڵە دەرەکییەکان زیاتر بێت و نرخی دیناریش دابەزێت."
 
دەشڵێت "نەبوونی متمانە بە دراوی عێراقی هەرچەندە یەکێکە لە بەهێزترین دراوەکان، چونکە بانکی ناوەندیی عێراق خاوەن یەدەگێکی زۆرە و دەگاتە 90 ملیار دۆلار، بەڵام خەڵک لە حەواڵەکردنی پارەکانیان بە دینار دەترسن."
 
مەنار عوبەیدی بە پێویستی دەزانێت بانکەکانی عێراق بچنە نێو سیستەمی بانکیی جیهانی بۆ ئەوەی پڕۆسەی گۆڕینەوەی پارە و حەواڵەکردنی پارە بەشێوەیەکی خێرا بکرێت. هەروەها بەپێویستیشی دەزانێت بانکی ناوەندیی عێراق بڕی زیاتری دۆلار بخاتەڕوو و گوتی؛ ئەو رێوشوێنانە پێویستی بە سێ مانگ دەبێت و دواتر نرخی دینار دەگەڕێتەوە بۆ ئاستێکی هاوسەنگ.
 
رۆژی سێشەممە 13-12-2022، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕينەوەی دراوی هەولێر سەبارەت بەدابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی ووتی: "ئەمڕۆ سێشەممە نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەرە بە 151 هەزار دیناری عێراق، لەکاتێکدا دوێنێ بەیانی بە 149 هەزار و 850 دینار بوو."
 
بانکی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020دا بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیادبکات، ئەو بڕیارە هەرچەندە بووە هۆی زیادبوونی داهاتی ناوخۆ، بەڵام لە هەمان کاتدا نرخی زۆربەی خۆراک و کەلوپەلی لە بازاڕەکاندا لانیکەم بە رێژەی زیاتر لە 20% بەرزکردەوە. 
 
مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ 41 پەرلەمانتاری عێراق بە نووسراوێک، داوایان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد، لەبارەی دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار کۆببێتەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×