ڕێبوار حەسەن
نوسەرو چاودێری سیاسی
چەند رۆژێک لەمەوبەر بۆ پرسەی کەسێکی نزیکم گەڕامەوە بۆ کوردستان، بەڵام ئەوەی داخی منی بەسوێتر کرد، لەماوەی مانەوەی سێ هەفتەم لەسلێمانی. کەوتم بەسەر کۆستو پرسەی زیاد لەهەشت پرسەی ئازیزی دیکەمدا، کە زۆربەیان بەهۆی کارەساتی روداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستدا.
ئەوەی لەدوا رۆژانی مانەوەم ژانی کرد بەدڵما، ئاخو داخی گیان لەدەستدانی دو پەپولە (شوانو رەند) بو، کە لەڕوداوێکی هاتوچۆی زۆر دڵتەزێندا لە٥ی تەموزدا گیانیان لە دەستداو ئازارێکی جەرگبڕی خسته ناو دڵی ههموو خەڵکی شاری سلێمانیەوە .
ئەم روداوانە دەسەڵات دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەتیەکی گەورەوە، لەهەر وڵاتو شوێنێک پرسی لەناوچونی ژیانی خەڵکی بەهۆی روداوی هاتوچۆو ڕێگاوبانەوە بێت، خەمێکی گشتی دروست دەکات، بەشێکی گرنگی پاراسستنی ژیانی خەڵکی دەکەوێتە ئەستۆی دەسەڵات و ئەو دامودەزگایانەی کە هەلومەرجی هاتوچۆ دەڕەخسێنن بۆ هاوڵاتیانو ئەوانەی ڕێگاوبانەکان بەکاردێنن.
ڕێگاوبانەکان تەنها شوێنی هاتوچۆی ئوتومبێل نیە، بەڵکو ڕیگاوبان دەبێت حسابی شوینی پیادەو پاراستنی شوێنی سەوزیی و تەنانەت پاسکیل و ئامڕازەکانی تری هاتوچۆی گشتی بکریت.
دیسان گرنگتر ئەوەیە خەڵکی ڕێز لەیاساو شوێنی گشتی هاتوچۆ بگرێت، تەنانەت نۆرەی یەکەمی لەهاتوچۆ بدرێت بەپیادە. ئەمرۆ ئەوەی دەبینرێت گەنجانیك لە کوردستان بێ ئەوەی گوێ بدەنە یاساو ڕێسای هاتوچۆو تەنانەت خێرایی ناو شارەکان. شارەکانی کوردستان بوەتە شوێنی پێشبڕکێی ئوتومبێلو .. تەنانەت بەگشتی دەتوانرێت کە هاتوچۆ بەراورد بکرێت بەجەنگی پێشبركێکی شێتانە لەشەقامو کۆڵانە گشتیەکاندا، تەنانەت بەشێك لەمنالو هەرزەکارو دەوڵەمەندە بەناو سیاسیەکانی کوردستانو دەسەڵاتی هەرێم، ڕۆژانە لەبەردەم هاونیشتمانیان یاساو ڕیسای هاتوچۆ دەشکێنن، کە دیارە تەنانەت پۆلیسی هاتوچۆ ناتوانیت کاری یاسایی خۆی بەشیوەیەکی دروست بکات لەترسی باوکوکەسوکاری بەناوبەرپرسی پێشمەرگەو دەسەڵاتی ئیستای سیاسیەکانی هەریم.
گرفتێکی تری گرنگتر دوای ڕوخانی رژێمی سەدامی دیکتاتۆر، زیندوکردنەوەی عەشرەتو خێلە کە بەرهەمی دەسەلاتی کوردین بۆتە ڕێگرتن لەسزادانی تاوانبارەکانی هاتوچۆ لەهەرێم، چونکە زۆربەی تاوانەکان بەسوڵحی عەشایری چارەسەر دەکرێت، بەم شێوەیە تاوانبارانی هاتوچۆ ترسیان نیە، چونکە دەزانن دوایی بەسوڵحی عەشایری عەفو دەکرێن.
روداوەکانی هاتوچۆ سەرەڕای گیان لەدەستدانو بریندار بونی هاوڵاتیان، دەکرێت وەک تاوانێکی داخورانی ئابوریو زیانی ئابوری هەرێمیش سەیر بکرێت.
گیان لەدەستدانی مرۆڤ بەهۆی روداوهکانی هاتوچۆوە بوەتە باوترین جۆری مردنی مرۆڤ لەهەریمی کوردستان، کە مەترسیدارترە لەژمارەی گیان لەدەستدانی خەڵکی لەجەنگو تەنانەت لەجەنگی داعشیشدا، بڕۆن ژمارەکان بەراورد بکەن لەماوەی شەش ساڵی رابردودا.
پێشنیار بۆ کەمکردنەوەی کارەساتی هاتوچۆو ڕێگاو بان
- سهلامهتی هاتوچۆ ببێتە بابەتی گرنگی سیاسی دەسەڵاتی هەرێمو وهکو بابهتی پهرهپێدانی ئابوری کوردستان سەیر بکرێت چونکە بە شێکی گرنگیەتی. ئەم کارەساتانەی هاتوچۆ دەکرێت حسابی تێچووی تری بۆ بکرێت، وهکو نرخی ئوتومبیله کە، هەروەها تێچووی ئیداری لهبهرێوهبردنی کاری ئهو روداوانه لە دامو دەزگای هاتوچۆو دادگاو پۆلیس ...
- بەپێی یاسای گشتی تاوانبارانی هاتوچۆ توندتر سزا بدرێن، بەبێ دەستتێوەردانی دەسەڵاتی سیاسی هەریم بۆ سوڵح و ڕێکەوتن.
- هەرکەسێک ببێتە هۆی کارەساتی کوشتنو بێ رێزیی یاسای هاتوچۆ سزای توند بدرێت.
- نەهێشتنی سوڵحی عەشائیری کە ئیستا ڕۆژانە ئەو سوڵحانە دهکرێت، یان بە ترساندن یان بەپارە رێککەوتن بکرێ.
- گرنگە زۆر بەئاسانی مۆڵەتی شۆفێری ئوتومبێل درێت، جگە لەتاقیکردنەوی تیۆریو پراکتیکی هەوڵبدرێت بەشێکی شۆفیرەکان فێر بکرێن کە چۆن شۆفێریی بریتیە لەهاریکارییو چاودێریی کردنی ئەکتەری تری سەر رێگاو ناو شەقامەکان.
- گرنگە دامودەزگای هاتوچۆو دەسەڵاتی هەریم پلانی ساڵانەی هەبێت بۆ کەمکردنەوەی کارەساتی هاتوچۆ، کە ئەمەش پرسێکی زۆر ئاسایی هەمو جیهانە کە نەهێشتنی ڕودانی کارەساتی هاتوچۆیە.
- کەمکردنەوەی خێرایی شۆفێران لەڕیگاوبانو نزیکی خانوبەرەو ماڵان.
- سزادانو لێسەندنەوەی مۆڵەتی شۆفێری لەکاتی خوارنەوەی ئەلکحول .
- هەوڵدان بۆ کردنەوەی کۆمپانیای دڵنیایی ئوتومبیلو لەگەڵ تەنانەت کۆنترۆڵی تەندروستی شۆفێران لەکاتی مۆڵەتی شۆفێریی.