تاكە وەزیری مەسیحییەكان، بەرپرسی ناوچەی عەینكاوەی پارتیە
  2019-07-16       2609       


ئا: ئاوێنە


ئانۆ عەبدۆكا، كە گەنجترین وەزیری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمە‌و وەك نوێنەری پێكهاتەی كلدانی سریانی ئاشوری بەشداری كابینەكەی پێكراوە، بەڵام ئەو بەرپرسی ناوچەی عەینكاوەی پارتییە.


ئانۆ جەوهەر عەبدۆكا، كە چوارشەممەی رابردو لەپەرلەمانی كوردستاندا سوێندی بەو ئینجیلە دەستنوس‌و كۆنە خوارد لەگەڵ خۆی هێنابوی بۆ پەرلەمان‌و وەك وەزیری گواستنەوەو گەیاندن لەكابینەی نۆیەمدا متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتارانی وەرگرت، هەرچەندە لەلای خەڵكی كوردستان ناسراو نییە، بەڵام كەسایەتییەكی ناسراوی ناو مەسیحییەكانی كوردستانە.


خێزان‌و بنەماڵەی عەبدۆكا خێزانێكی كلدانی ناوداری ناو مەسیحییەكانن، كە لەكوردستان‌و وڵاتانی سوید‌و ئوستورالیا‌و ئەمەریكاش دابەش بون.


ئانۆ، سەرباری شانازی كردنی بەمەسیحی بونیەوە، كە كەسێكی كراوەیە بەڕوی موسڵمان ‌وئێزیدی‌و شەبەك‌و كاكەیی‌و بەڕوی كوردو توركوماندا، ئەندامێكی چالاكی ناو ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانە.


ئەم گەنجە مەسیحییە كە شاعیرەو دیوانێكی شیعریی بەزمانی عەرەبی بلاوكردوەتەوەو سەرسامە بەدو كەسایەتی ناوداری مەسیحی ناو پارتی كە "فەرەنسۆ حەریری‌و سەركیس ئاغاجان"ە، لەساڵانی رابردودا سەرسەختانە داكۆكی لەهەڵوێستەكانی بارزانی‌و سیاسەتی پارتی كردوە، چ بەوتار، چ بەو كۆڕو كۆبنەوەو چاوپێكەوتنە تەلەفزیۆنانەی ئەنجامیداوە.


ئانۆ جەوهەر شێلگیرانە پشتگیریی لەپرۆسەی ریفراندۆم گرت‌و ستایشی بارزانی كرد، لەوتارێكیدا نوسی "وەك مەسیحییەك نامەوێ‌ بەشێك بم لەم عێراقە.. كە یەكەمین كاری نەگریسی دەوڵەتی عێراق دوای دەرچوونی لەژێر ئینتیدابی بەریتانیا، جینۆسایدیكردنی ئاشورییەكان بو تەنیا لەبەرئەوەی ئاشوورییەكان داوای مافی ژیانێكی ئازادو ئۆتۆنۆمییان لە وڵاتی خۆیان و زێدی باوک و باپیرانیان دەكرد... لەسێمێل نزیكەی پێنج هەزار مەسیحی بوونە قوربانی و زیاتر لە 67 گوندی مەسیحینشین بە دەستی پیسی سوپای دەوڵەتی عیراق لەژێر سەركردایەتی و سەرپەرشتی ئەمیر غازی، رەشید عالی گەیلانی و بەكر سدقی خاپورکران. وەك مەسیحییەكی كلدانی، سریانی و ئاشووری نامەوێ بەشێك بم لە عێراقێكی بنیاتنراو لەسەر بنەمای كوشتن و جینۆسایدی باوک و باپیرانم".

ئانۆ، ماستەری لەسیاسەت‌و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان هەیە‌و ئێستاش قوتابی دكتۆرایە لەزانكۆی كوردستان لەهەولێر، سكرتێری گشتی رەوتی "شالاما"یە بۆ كاروباری مەسیحییەكان‌و سەرۆكی هاوپەیمانی یەكێتی نەتەوەیشە كە گەورەترین كوتلەی مەسیحی  پێكدەهێنێت لەپەرلەمانی كوردستان‌و لەكۆی 5 كورسی مەسیحیەكان، 3 ئەندام پەرلەمانیان هەیە.

ئانۆ، پارتییەكی چالاك بوە لەناو مەسیحییەكانی عەینكاوەدا، زۆربەی سەردان‌و كۆبونەوەی كەسایەتییە دیارەكانی مەسیحی بۆ لای بەرپرسانی پارتی‌و بەپێچەوانەشەوە لەلایەن "ئانۆ عەبدۆكا"وە رێكخراون.

بەشێك لەمەسیحییەكان ناڕازیین لەوەی ئەوە ئەوان نین كە رۆڵی سەرەكی لەپرۆسەی هەڵبژاردنی وەزیری مەسیحی لەناو كابینەكانی حكومەتی هەرێمدا دەبینن، بەڵكو ئەوە پارتی دیموكراتی كوردستانە كە لەساڵی 1992ەوە رۆڵی یەكلاكەرەوە دەبینێ‌ لەو پرۆسەیەدا، لەبەرئەوە پێیانوایە وەزیرە مەسیحییەكانی كابینەكانی حكومەتی هەرێم نوێنەری پارتیین لەناو حكومەتی هەرێمدا، نەك نوێنەری مەسیحییەكان.

 

 

 

  

 

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×