نرخی دۆلار و دینار بەرەو کوێ دەڕوات؟
  2022-12-26       868       

محەمەد حسێن

چەند هۆکارێکی تەکنیکی دۆلاری (بەرامبەر دینار) گران کردوە، بەڵام حکومەتەکەی سودانی و بانکی ناوەندی عێراق دەتوانن سنورێک بۆ ئەم گرانبونە دابنێن؛ هاوکات سوریشن لەسەر ئەوەی نەهێڵن دۆلار گرانتربێت لەو نرخە فەرمییەی کە دیاریکراوە.

ئەم گران-بونە چۆن رویداو کێشەکان لە کوێدان؟

لە وەتەی دەوڵەتی عێراق دروست بوە، حکومەتەکانی سیستەمی نرخی ئاڵوگۆڕی جێگیریان بەکارهێناوە، نەک نرخی گۆڕاو وەک ئەوەی کە لە تورکیاو ئێران هەیە. بۆیە هەر لەسەرەتاوە ئەم ناسەقامگیرییەی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار دەبوایە روی-نەدایە. ئەمە کەلێنێکمان نیشان دەدات لە جێبەجێکردنی سیاسەتی دراوی حکومەتەکە. لە دوای ساڵی ٢٠٠٤ەوە، بانکی ناوەندی عێراق لە رێگای مەزادی عمولەوە، رۆژانە دۆلاری بە دینار دەفرۆشت، چەند بانک و کۆمپانیایەکی دیاریکراو بە نرخی فەرمی ($١=١٤٦٠ دینار) دۆلار دەکڕن و لە بازاڕدا دەیفرۆشنەوە؛ ئەمە ئەو دۆلارە کاشەیە کە دێتە بازاڕ. هەر ئەم بانکانە بەڵگەکانی هاوردەکردنی کاڵا دەخەنەڕو تا بانکی ناوەندی عێراق بەقەدەر بەهای هاوردەکان حەواڵەیان بۆ بکات. لە عێراقدا، دو جۆر دۆلارمان هەیە، دۆلاری کاش کە نزیکەی ٢٠ تا ٢٥%ی ئەو دۆلارەیە بانکی ناوەندی دەیفرۆشێت لە ڕێگای چەند بانکێکەوە دێتە بازاڕەوە، وە دۆلاری حەواڵە بەشەکەی تریەتی. زۆر وتراوە لە سەر گەندەڵی و گرفتەکانی ئەم سیستەمە، بەڵام بۆ ئابورییەکی ئازادی پشت-بەستو بە میکانیزمەکانی ئابوری بازاڕ، ئەم سیستەمە بۆ خۆی هیچ گرفتێکی نییە ئەگەر سیاسییەکان و بانکە-گومانلێکراوەکانیان بە خراپی سودییان لێوەرنەگرتایە. کێشەیەکی ئەم مەزادی عمولەیە ئەوەبو کە بڕێکی زۆری ئەو دۆلارانەی بە ناوی بازرگان و هاوردەکارانی عێراقەوە لە بانکی ناوەندی دەردەکرا، لە رێگای چەند بانکێکی وەسیتەوە لە دوبەی و عەممان دەگەیشتنە دەست چەند بانک و کەسایەتی و کۆمپانیایەکی سەربە ئێران، یان نزیک لە حیزبوڵا-ی لوبنانی و سوریای ئەسەد. ئەم کەسایەتی و هەژمارو کۆمپانیانە لە لایەن ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە سزادراون لەبەر هۆکاری سیاسی جیاجیا. ئەم دۆخە هەمیشە مایەی ناڕەزایەتی ئیدارەی ئەمریکا بوەو وەک پێشێلکردنی سزاکانی ئەمریکا بینراوە.

لە ٥ ساڵی رابردودا، ئەمریکییەکان زۆر هەوڵیاندا حکومەتی عێراق خۆی رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ سنوردارکردنی ئەو دۆلارانەی کە دەگەنە هەژماری ئەو لایەن و کەسایەتییانەی لەژێر سزاکانی ئەمریکادان، بەڵام لایەنی عێراقی دەستەوەستان بو. ئەوەبو بانکی ناوەندی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا (U.S.Federal Reserve) خۆی سزای ٤ لەو بانکانەی دا کە گومان دەکرێت رۆڵی گەورەیان هەبوبێت لە گواستنەوەی دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراوە بۆ لایەن و کەسایەتیە سزادراوەکان. هەر کە بانکی ناوەندی ئەمریکا ئەم سزایانەی راگەیاند، یەکسەر بانکی ناوەندی عێراق ئەم بانکانەی دورخستەوە لە هەمو مامەڵەو رێکارەکانی خۆی. هاوکات میکانیزمی مەزادی عمولەیان هەڵوەشاندەوە. ئێستا راستەوخۆ بانکی ناوەندی عێراق خۆی دۆلار نافرۆشێت بە دینار بۆ هەرکەس و بانکێک کە بیەوێت، بەڵکو حەواڵەی بانکی دابین دەکات بۆ ئەو بازرگانانەی کە بە راستی کاڵا هاوردە دەکەن، یان ئەو گەشتیارانەی سەردانی دەرەوەی وڵات دەکەن لە کارتێکی بانکی رافیدەین دا ١٠ هەزار دۆلاری بۆ دەگۆڕنەوە بە نرخی فەرمی. ئەم میکانیزمە نوێ-یە (کە لە ساڵانی ١٩٦٠ەكاندا بە ناوی پارەدارکردنی بازرگانی دەرەکی بەکاردەهێنرا) وایکردوە پرۆسەی دۆلار فرۆشتن بە خەڵک و دابینکردنی حەواڵەی بازرگانی بۆ پارەدارکردنی کاڵای هاوردەکراو کەمێک خاو ببێتەوە، چونکە پشکنین و بەدواداچونی هەمو ئەو مامەڵانەی بۆ کڕینی دۆلار (بە دینار) دەکرێت کاتێکی زیاتری دەوێت لەوەی تیمەکانی بانکی ناوەندی عێراق و رافیدەین دەتوانن رایی بکەن. ئەم سیستەمە نوێیە دەبێت بە پێی ستانداردی سیستەمی سویفتی نێودەوڵەتی بێت و توانای کارمەندانی بانکە عێراقییەکان زۆر لەوە بچوکترە بە ئاسانی لەگەڵیا رابێن.

بەڵام بانکی ناوەندی خۆی سورە لەسەر ئەوەی رێگای جیاجیا تاقی بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەم کورت-هێنانەی دۆلار چارەسەر بکات بە زووترین کات.*

بەڵام ئێستا چی دەگوزەرێت؟

یەکەم: بانکی ناوەندی عێراق ناچارکراوە سیستەمی مەزادی عمولە بگۆڕێت و لە جیاتی ئەوە راستەوخۆ حەواڵەی بازرگانەکان دابین بکات و دۆلار بە ئەو عێراقییانە بفرۆشێت کە دەچنە دەرەوە چونکە مەترسی ئەوەی هەبو ئەو دو هەژمارە بانکییەی عێراق لە ئەمریکا هەیەتی (یەکیان ناوی عێراق١ بۆ کۆکردنەوەی داهاتە نەوتییەکانەو ئەوی تریش عێراق٢ بۆ هەڵگرتنی یەدەکی دراوە بیانییەکانە) سڕبکرێن. ئەو کاتەی ئەمریکییەکان قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسیان کوشت و پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا راوێژکارە سەربازییە ئەمریکییەکان لە عێراق دەربکات، دۆناڵد ترامپ-ی سەرۆکی ئەمریکا راستەوخۆ وتی ئەگەر عێراق ئەمە بکات ئەوا هەژمارە بانکیەکانی حکومەتی عێراق سڕ دەکات**. لە ماوەی رابردودا سەفیری ئەمریکا پەیامێکی تری هەڕەشەئامێزی گەیاندۆتە حکومەتەکەی سودانی لەسەر فرۆشتنی دۆلار بە کەس و کیانە سزادراوەکان. هاوکات چوار بانکی ئەهلی گومانلێکراویان سزاداو ١٤ی تریشیان خستە ژێرچاودێرییەوە. بێ گومان هەر بانک و کەسایەتییەک لە لایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە سزابدرێت بانکی ناوەندی عێراقیش راستەوخۆ سزاکەی جێبەجێ دەکات و ناتوانێت مامەڵەیان لەگەڵ بکات.

دوەم: بانک و کۆمپانیا داراییە گومانلێکراوەکان رۆژانە دەیان ملیۆن دۆلاریان لە بانکی ناوەندی عێراق وەردەگرت بە ناوی هاوردەکردنی کاڵاوە، لە جیاتی ئەوەی لە ڕێگای بانکە وەسیتەکانی دوبەی و عەممانەوە ئەم دۆلارانە بنێرن بۆ ئەو کۆمپانیاو لایەنانەی لەسەر فاتورەکە ناوییان هاتبو، دەیان نارد بۆ چەند هەژمارێکی تر کە بەلای زۆرەوە لە لیستی سزادراوەکانی ئەمریکادا بون؛ پارەکە نەدەگەیشتە ئەو شوێنانەی کە لە فاتورەکەدا ناویان هاتوەو بە حساب کاڵا هەناردەی عێراق دەکەن، بەڵکو دەگەیشتنە چەند هەژمارێکی تری بانکی کە لە دواجاردا هی کەسایەتی و دەزگاکانی ئەو وڵات و شوێنانە بون کە سزادراون. سزادانی ئەم چوار بانکەو ئەو رێکارانەی گیراوەتەبەر بۆ سنوردارکردنی ئەم حەواڵە گومانلێکراوانە بونەتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو دۆلارە کاشەی کە رۆژانە دێتە بازاڕی دراوەکانەوە لە ناو شارەکانی عێراقدا. ئەمەش وایکردوە نرخی نافەرمی دۆلار زیاتربێت لە نرخە فەرمییەکەی.

سێهەم: ئەوەی کە هەیە گرانبونی دۆلارە لە بازاڕە نافەرمیەکەی عێراقدا، ئەگینا نرخی دۆلار هەر وەک خۆیەتی و هەرکەس لە بانکی ناوەندی یان رافیدەین دۆلار بکڕێت ١$=١٤٦٠ دینارە، کێ بازرگانەو بۆ هاوردەکردنی کاڵا دۆلاری پێویستە دەتوانێت بەم نرخە فەرمییە دۆلاری دەستبکەوێت، کێ سەفەری دەەرەوەی وڵات دەکات دەتوانێت بەم نرخە تا ١٠ هەزار دۆلاری دەستبکەوێت..هۆکاری گرانبونی دۆلاری کاش لە بازاڕە نافەرمییەکەدا تەکنیکییە. ئەو بڕە دۆلارەی دێتە بازاڕە نافەرمیەکەی عێراق نەختێک کەمترە لەوەی کە خواستی لەسەرە، ئەمەش وایکردوە شتێک گرانتر بێت لە نرخە فەرمییەکەی.

چارەسەر چییە؟

بە گشتی ئەم گرفتەی ئێستا هێندە گەورە نییە، نرخی دۆلار بەرز نەبۆتەوەو دیناریش دانەبەزیوە، تەنها ئەو دۆلارە کاشە گران بوە کە لە بازاڕە نافەرمییەکەدا هەیە. هەمو هاوردەکارێک، یان گەشتیارێک، دەتوانێت دۆلارێک بە ١٤٦٠ دینار بکڕێت لە بانکی رافیدەین، یان لە بانکی ناوەندی. بۆ چارەسەری گرفتی کورتهێنانی دۆلار لە بازاڕە نافەرمییەکەدا، بانکی ناوەندی عێراق دەیان رێگاو ئامرازی لە بەردەستە. بۆ نمونە، ئەگەر حکومەتی عێراق پارەی بەڵێندەر و کۆمپانیا عێراقییەکان بە دۆلار بدات. یان ٢٠%ی موچەی کارمەندانی کەرتی گشتی بە دۆلار دابەش بکات، ئەو کات ئەم گرفتە چارەسەر دەبێت. بەڵام هیچ زەمانێک نییە دوای بانکە ئەهلییەکانی سیاسییە گومانلێکراوەکان جارێکی تر ئەم دۆلارەش لە بازاڕدا ناچننەوە و ناینێرنەوە بۆ وڵات و لایەنە سزادراوەکان.

ئێران وەک سەرچاوەی ئەم گرفتە دەبینرێت لە لایەن زۆر لەو کەس و شارەزایانەی لە روانگەیەکی سیاسییەوە تەماشای پرسی کورتهێنانی دۆلاری کاش دەکەن لە بازاڕە نافەرمییەکەدا؛ کێشەکانی ئێران و ئەمریکا رۆڵێکی هەیە لە دروستکردنی ئەم گرفتەدا، بەڵام لە راستیدا هۆکاری سەرەکی نییە. ئەگەر عێراق سێکتەرێکی بانکی پێشکەوتوی هەبوایە و گرێدراوبوایە بە تۆڕی سویفتی جیهانی و توانای رەوانەکردنی حەواڵەکان و رایی کردنی بازرگانییە دەرەکییەکەی هەبوایە، ئێران نەدەبوە کێشە. کەلێنەکە لە ناوخۆی عێراقدایە، ئیتر ئێرانییەکان یان هەر کەس و لایەنێکی تر رەنگە بێن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری بهێنن.

بە دیوەکەی تریشدا، ئەوە راستە کە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هاوکات داڕوخانە ئابورییەکەی ئێران وای کردوە فشارێکی زیاتر لەسەر بانکەکانی عێراق دروست ببێت. بانکی ناوەندی ئەمریکا بە مافی خۆی دەزانێت کە دڵنیابێت لەوەی دۆلارەکانی (باوەکو هی عێراق و عێراقییەکانیش بێت) ناچنە گیرفان و قاسەکانی لایەن و کەسە سزادراوەکانەوە، بۆ ئەم مەبەستەش هەمو فشارێک دەخاتە سەر لایەنی عێراقی. بەڵام ئایا بانکەکانی عێراق و حکومەتەکەی سودانی چۆن زەمانی ئەوە دەکەن کە دۆلارەکانیان ناڕواتە قاسەی سزادراوەکانی ئەمریکاوە؟ ئەمە ئەو پرسیارە تەنکنیکییەیە کە بەغدا دەتوانێت ئەم قەیرانەی ئەمڕۆی نرخی دینار-دۆلاری پێ چارەسەر بکات.

کێشەیەکی تری عێراق ئەوەیە، ئابورییەکەی زۆر پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت. عێراق بە بێ هەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی ٦٠ ملیار دۆلار هاوردەی هەیە، وا تەقدیر دەکرێت لە هەرێمی کوردستانیشەوە نزیکەی ٣٠ ملیار دۆلار هاوردەی هەمو عێراق بکرێت. ئەم بڕە زۆر زۆرە بۆ ئابورییەکی وەک عێراق کە کۆ بەرهەمەکەی لە ساڵی ٢٠٢١دا تەنها ٢٠٧ ملیار دۆلار بوە***.

https://cbi.iq/news/view/2177

** https://on.wsj.com/3GsLwV3

*** https://tradingeconomics.com/iraq/gdp

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×