هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت: پێویستە بودجە یەكلایی بكرێتەوەو رەوانەی پەرلەمان بكرێت
  2023-01-09       403       

هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوەوەو جەختی كردەوە كە پێویستە پڕۆژە یاسای بودجە یەكلایی بكرێتەوەو رەوانەی پەرلەمانی عێراق بكرێت بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت. هەروەها دەشڵێت، هانی لایەنە تایبەتمەندەكان دەدەین بۆ جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان لەو كەیسانەی كە یەكلاكراونەتەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، ئێوارەی ئەمڕۆ، هاوپەیمانییەكە لە نوسینگەی موسەننا سامەڕایی، ئەندامی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و بە ئامادەبونی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوەتەوە بۆ تاوتوێكردنی دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەكان و هەروەها بەدواداوچون بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی گرنگترین ئەو یاسایانە كراون كە "دەبێت لەماوەی چەند رۆژی سەرەتای وەرزی نوێی پەرلەماندا، یەكلایی بكرێنەوە."

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سەرۆك وەزیران گرنگترین ئەو خاڵانەی بەرنامە حكومییەكەی باسكردن كە تاوەكو ئێستا جێبەجێ كراون، لەوانەش هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی حكومەتی كاربەڕێكەرو هەروەها روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و پشتیوانیكردنی كەمدەرامەتان.

هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە كۆبونەوەكەیدا جەختی كردۆتەوە لەسەر پێویستی یەكلاكردنەوەی بودجەو پێشكەشكردنی بە پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.

هەروەها تەئكیدیشی لە هاندانی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردۆتەوە بۆ جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان لەو كەیسانەی كە بڕیارەكەیان پلەی كۆتایی وەرگرتوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×