عامری دەڵێت: ئەمریكا دۆلار وەك چەكێك دژی عێراق بەكاردەهێنێت
  2023-01-10       456       

هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق، رایگەیاند، ئەمریكا دۆلار وەك چەكێك بۆ برسیكردنی گەلان و گوشار لەسەر عێراق بەكاردەهێنێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ سێشەممە، هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح لە بەغدا پێشوازی كردوە لە ئیریك شوفالییە، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و تاوتوێی چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردولایان كردوە بەشێوەیەك كە ببنە مایەی پتەوكردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان بەغداو پاریس.

عامری داوایكردوە كۆمپانیا فەرەنسییەكان دەستبكەن بۆ وەبەرهێنان لە عێراق و بەشداری بكەن لە جێبەجێكردنی پڕۆژە گەورە خزمەتگوزاری و ستراتیژییەكاندا.

بەپێی راگەیەندراوەكە، هادی عامری لەبارەی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار رایگەیاندوە، عێراق بەدەست نەبونی سەربەخۆیی ئابورییەوە دەناڵێنێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كە یەدەگی پارەكانی بانكی ناوەندیی عێراق بەدۆلار لە بانكی فیدراڵی ئەمریكیدان.

بەقسەی هادی عامری، "هەموان دەزانن ئەمریكا چۆن دۆلار وەك چەكێك بەكاردەهێنێت بۆ برسیكردنی گەلان و ئەوەتا ئەمڕۆكەش ئەمریكییەكان گوشار لە عێراق دەكەن بۆ رێگریی لە كرانەوەی بەڕوی ئەوروپاو جیهاندا."

لای خۆیشیەوە، باڵیۆزی فەرەنسا جەختی كردۆتەوە كە حكومەتی وڵاتەكەی پشتیوانی حكومەتی عێراق دەكات بۆ پتەوكردنی پایەكانی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتەكەداو ئاماژەی بەوەشداوە كە كۆمپانیا فەرەنسییەكان پێشوازی دەكەن لە زیادكردنی كارەكانیان و بەشداریكردن لە ئاوەدانكردنەوەو پەرەپێدانی ژێرخانی عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×