ئەردۆغان بۆ سودانی: پێویستە كۆتایی بە پەكەكە لەسەر خاكی عێراق بهێنرێت
  2023-01-10       309       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پێویستە كۆتایی بە پەكەكە لەسەر خاكی عێراق بهێنرێت.

ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، ئەمڕۆ سێشەممە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەنجامدا.

بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق و پرسە ناوچەییەکان کراوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"سەرکۆماری تورکیا لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاماژەی بەوە کردوە کە لەو بڕوایەدایە لە قۆناغی داهاتودا هەماهەنگیی دوقۆڵی و ناوچەیی نێوانیان لە سەرجەم بوارەکاندا بەهێزتر دەبێت."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەردۆغان جەختی لەوە کردۆتەوە کە "هێندەی تورکیا گرنگی بە ئاسودەیی، سەقامگیری و یەکپارجەیی خاکی عێراق دەدەن.

سەرۆك كۆماری توركیا، بەپێی راگەیەندراوەكە جەختی لە پێویستی کۆتاییهێنان بە پەکەکە كردۆتەوەو وتویەتی: کۆتاییهێنان بە بونی پەکەکە لەسەر خاکی عێراق "پێویستییەکە بۆ بەرژەوەندیی ئاسایشی نیشتمانیی ئەو وڵاتەش."

لەلایەكی دیكەوە بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا رێگاكانی پەرەپێدانی هاریكاریی ئابوری، هەوڵەكانی هەردولا بۆ "كۆنترۆڵكردنی سنورە هاوبەشەكان و هەماهەنگی بۆ شوێنپێهەڵگرتنی گروپە تیرۆریستییەكان لەسەر سنورە هاوبەشەكانی نێوان هەردو وڵات" گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە.

هەر لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، ئەردۆغان بەڕەسمی بانگهێشتكردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ سەردانی توركیا دوپاتكردۆتەوەو بانگهێشتیشی كردوە بۆ ئامادەبون لە دیداری دیپلۆماسی ئەنتالیا. سودانی جەختی كردۆتەوە كە لە نزیكترین دەرفەتی لواودا سەردانی توركیا دەكات.

بەپێی راگەیەندراوەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە كۆبونەوەكەدا باس لە دابینكردنی بەشی عێراق لە ئاوی هەردو روباری دیجلەو فوڕات كراوە لەگەڵ بەردەوامی هاریكاریی  لە بوارەكانی بازرگانی، وەبەرهێنان و هەروەها بەشداری كۆمپانیا توركییەكان لە پڕۆژەكانی ژێرخانی ئابوری و ئاوەدانكردنەوە لە عێراق.

هەروەها باسیشیان لە بەستنەوەی بەندەری فاو بە خاكی توركیاوە لە رێگەی هێڵی ئاسنینەوە كردوە.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×