بەرپرسێكی باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی بۆ دەركرا
  2023-01-12       596       

جێگری پێشووی وەزیری بەرگریی ئێران، عەلی رەزا ئەكبەری بە تاوانی سیخوڕیكردن بۆ بەریتانیا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەركرا.

ئاوێنه‌: بەپێی هەواڵی ئاژانسی میزان سەربە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، عەلی رەزا ئەكبەری ماوەیەك پێش ئێستا بە تاوانی سیخوڕیكردن بۆ بەریتانیا دەستگیركراوە و خراوەتە زیندانەوە.

ئەكبەری لەو ماوەیەدا دۆسیەیەك لە دژی كراوەتەوە، بە تاوانی "سیخوڕی كردن" دادگایی كرا و لەلایەن دادگاوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەركرا. دوای تانەگرتنی گومانلێكراوەكە لە بڕیارەكە، دادگای باڵا سەرلەنوێ لە دۆسیەكەی كۆڵییەوە و تانەگرتنەكەی رەتكردەوە و سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەكبەری پەسەند كرد.

لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی ئیتیڵاعاتی ئێران رایگەیاند، ئەوەیان دەستنیشان كردووە ئەكبەری زانیاری ناوەندە هەستیار و ستراتیژییەكانی ئێرانی بۆ ئاژانسی هەواڵگریی نهێنیی بەریتانیا "MI6" ناردووە.

عەلی رەزا ئەكبەری لە نێوان ساڵانی 1997-2005 لە سەردەمی سەركۆماری پێشووی ئێران، محەمەد خاتەمی جێگری وەزیری بەرگریی ئێران بوو.
هەرچەندە زانیاری لەسەر كاتی دەستگیركردنی ئەكبەری كە دەگوترێ خاوەنی هەردوو رەگەزنامەی ئێرانی و بەریتانییە بڵاو نەكراوەتەوە، بەڵام میدیاكانی وڵاتەكە ئاماژە بەوە دەكەن، كە لە نێوان ساڵانی 2019-2020 بە تاوانی سیخرڕیكردن بۆ MI6 دەستگیركرابێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×