سودانی بەسەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای حكومەت گەیشتە ئەڵمانیا
  2023-01-12       339       

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە سەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای حكومی و لە چوارچێوەی سەردانێكی رەسمیدا، گەیشتە ئەڵمانیا.

ئاوێنە: نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێشچتر لە راگەیەندراوێكدا وتبوی، سەردانەكەی سوادنی لەسەر بانگهێشتی رەسمی راوێژكاری ئەڵمانیایەو لەچوارچێوەی پەیوەندییە تایبەتەكەی نێوان هەردو وڵاتدایەو چەندین دیدار لەگەڵ گەورە بەرپرسان و كۆمپانیا ئەڵمانییەكان لەخۆدەگرێت.

هەروەها سەرۆك وەزیرانی عێراق پێش جێهێشتنی عێراق بەرەو ئەڵمانیا لە لێدوانێكدا وتی، ماوەی چەند هەفتەیەكە لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەكانی هەدو وڵاتەوە، ئامادەكاری بۆ سەردانەكەی دەكرێت.

سودانی جەختی كردەوە كە، سەردانەكەی، جیاواز دەبێت لەسەردانەكانی رابردوی بەرپرسانی پێشوی عێراق، چونكە بە قسەی ئەو، سەردانەكەی پلانێكی كاریی هاوبەشی نێوان هەردو وڵات و هەروەها ئەنجامدانی چەند یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەخۆدەگرێت كە راستەوخۆ دەست بە جێبەجێكردنیان دەكرێن بەو پێیەی هەر لەمیانی سەردانەكەدا تەرخانی داراییان بۆ دەكرێت.

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا كە یەكێك لەو بابەتە گرنگانەی كە لەسەدانەكەیدایە پەیوەندی بە كارەباوە هەیە، كە لەوبارەیەوە یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەگەڵ كۆمپانیای "سیمینس"ی ئەڵمانی ئیمزا دەكرێت كە چەند بڕگەیەكی هیوابەخش لەخۆدەگرێت بۆ هەڵسانەوەی كەرتی كارەبا لە بواری بەرهەم و گواستنەوەو دابەشكردنی كارەبادا.

سودانی ئاماژەی بەوەشدا كە لە سەردانەكەیاندا بۆ ئەڵمانیا، دەرفەتی گرنگ لە بواری غازی هاوەڵی نەوت و غازی سروشتی دەخەنەڕو  لەگەڵ خستنەڕوی چەند دەرفەتێك لە كەرتی پترۆكیمیاویدا.

بەپێی قسەی سوادنی سەردانەكەی تەوەری گۆڕانكاریی كەشوهەواو هەروەها چەند دەستپێشخەرییەك لە بوارەكانی گەشەپێدانی مرۆیی و راهێنانی پیشەیی و خوێندنی باڵا لەخۆدەگرێت لەپاڵ هاریكاریی دارایی و بانكی، بەشێوەیەك كە ئاسانكاریی بكات بۆ پەرەپێدانی ئابوری و ژینگەیەكی سەرنجڕاكێش دروست بكات بۆ كۆمپانیاكان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×