فازڵ نه‌بی: بودجه‌ی ئه‌مساڵی عێراق ده‌گاته‌ 170 ترلیۆن دینار
  2023-01-13       335       

فازڵ نەبی، بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق ئاشکرای کرد، بودجەی ئەمساڵی عێراق زۆرە و دەگاتە نزیکەی 170 ترلیۆن دینار و لەم مانگەدا رەوانەی پەرلەمان دەکرێت بۆ پەسەندکردن.

ئاوێنە:  فازڵ نەبی، بریكاری پێشوی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق به‌ ماڵپه‌ری رەسمی پارتی راگه‌یاند: ''ئەو 140 ترلیۆن دینارەی باس دەکرێت کە بودجەی ئەمساڵی عێراقە بۆ ئەم دۆخەی ئێستا کەمە، بەهۆی ئەوەی بەڵێنی داوە سەرجەم گرێبەستەکان بکرێنە هەمیشەیی، بۆیە خەرجی زۆری هەیە و بودجەکە زۆر لەوە زیاتر دەبێت، چونکە دانرابو کە 210 ترلیۆن دینار بێت، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت بۆ 170 ترلیۆن دینار دابەزێت، لەبەر ئەوەی زۆر خەرجیان داناوە کە پێویستی بە پارەیەکی زۆرە''.

بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق وتیشی: ''جارێ هەر لە گفتوگۆی بەردەوامدایە و هەرکاتێک یەکلایی بوەوە ئەوکات رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و رەوانەی پەرلەمان بکرێت، چونکە لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش لێکنزیکبونەوەی باش هەیە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن، چونکە رازین کە پشکی هەرێمی کوردستان لە 12،67% بکرێتە 14%، بۆیە بەو شێوەیە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ ئەوەی لەوێ پەسەند بکرێت و رەوانەی پەرلەمان بکرێت و لەوێش پەسەند بکرێت''.

باسی له‌وه‌شكرد: ''چاوەڕێ دەکرێت لەم مانگە پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت، چونکە بودجەکە ئامادەیە و تەنها هەندێک دەستکاریی دەوێت کە ئەویش زۆر کاتی ناوێت، بۆیە لەم مانگەدا بودجە دەچێتە پەرلەمان''.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×