مەسعود بارزانی: دادگای فیدراڵی جێگەی "محكمة الثورة"ی رژێمی پێشوی گرتۆتەوە
  2023-01-25       772       

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لە پەیامێكدا، بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ رێگری لە ناردنی پارە بۆ هەرێم بە "هەڵوێستێكی تری دوژمنكارانە" بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان ناودەبات و پێشی وایە بڕیارەكە بەرلەوەی دژی هەرێم بێت، "دژی حكومەتی عێراقییە"و  دەشڵێت: دیارە دادگای فیدراڵی ئەجێندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات و جێگەی دادگەی شۆڕش (محكمة الثورة)ـی ڕژێمی پێشوی گرتوەتەوە.

ئاوێنە: مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە پەیامەكەیدا وتویەتی"جێگەی داخە جارێكی تر دادگەی فیدڕاڵیی عێراق هەڵوێستێكی تری دوژمنكارانەی بەرانبەر هەرێمی كوردستان نیشان دا و، ڕێگری لەوە كرد ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم بێت كە بڕیار بو لە لایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لێرەدا مەبەست بڕە پارە نییە بەڵكو كێشە سەرەكییەكە پێشێلكردنی ماف و پڕەنسیپە. هەمو لایەك ئاگادارن كە بەشداریی ئێمە لە هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی رون و تێروتەسەل بوە كە هەمو لایەنەكان ڕێككەوتنیان لەسەر كردوە. دابینكردنی بەشێك لە شایستە دارییەكانی هەرێمی كوردستانیش كە مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە، بەشێك بوە لەو بەرنامەیەو ڕێككەوتنی لەسەر كراوە. بۆیە بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگەی فیدڕاڵ، بەرلەوەی دژی هەرێمی كوردستان بێت، دژی پڕۆسەی سیاسی و دژی حكومەتی عێراقی و دژی بەرنامەی خودی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەتیشە."

بەپێی قسەی مەسعود بارزانی "جێگەی سەرسوڕمانە هەر كات كەشێكی ئیجابی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بوبێت و دەرفەتێك بۆ چارەسەریی گرفتەكان هاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگەی فیدڕاڵی كاری بۆ تێكدانی ئەو دەرفەتە كردوەو بە بڕیارێكی دوژمنكارانە دەرفەتەكەی لەبار بردوەو بوەتە هۆی ئاڵۆزتربونی كێشەكان. دیارە ئەجیندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات و جێگەی دادگەی شۆڕش (محكمة الثورة)ـی ڕژێمی پێشوی گرتوەتەوە."

سەرۆكی پارتی داوای لە حكومەتی عێراقی و لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت كردوە "هەڵوێستی خۆیان لەمەڕ ئەو پێشێلكاری و دژایەتیكردنە نیشان بدەن كە لەلایەن دادگەی فیدڕاڵی لە دژی بەرژەوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت."

دەقی پەیامەكە:

جێگەی داخە جارێكی تر دادگەی فیدڕاڵیی عێراق هەڵوێستێكی تری دوژمنكارانەی بەرانبەر هەرێمی كوردستان نیشان دا و، ڕێگری لەوە كرد ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم بێت كە بڕیار بو لە لایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت.

لێرەدا مەبەست بڕە پارە نییە بەڵكو كێشە سەرەكییەكە پێشێلكردنی ماف و پڕەنسیپە. هەمو لایەك ئاگادارن كە بەشداریی ئێمە لە هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی رون و تێروتەسەل بوە كە هەمو لایەنەكان ڕێككەوتنیان لەسەر كردوە. دابینكردنی بەشێك لە شایستە دارییەكانی هەرێمی كوردستانیش كە مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە، بەشێك بوە لەو بەرنامەیەو ڕێككەوتنی لەسەر كراوە. بۆیە بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگەی فیدڕاڵ، بەرلەوەی دژی هەرێمی كوردستان بێت، دژی پڕۆسەی سیاسی و دژی حكومەتی عێراقی و دژی بەرنامەی خودی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەتیشە.

جێگەی سەرسوڕمانە هەر كات كەشێكی ئیجابی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بوبێت و دەرفەتێك بۆ چارەسەریی گرفتەكان هاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگەی فیدڕاڵی كاری بۆ تێكدانی ئەو دەرفەتە كردوەو بە بڕیارێكی دوژمنكارانە دەرفەتەكەی لەبار بردوەو بوەتە هۆی ئاڵۆزتربونی كێشەكان. دیارە ئەجیندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات و جێگەی دادگەی شۆڕش (محكمة الثورة)ـی ڕژێمی پێشوی گرتوەتەوە.

لێرەدا داوا لە حكومەتی عێراقی و لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت دەكەم هەڵوێستی خۆیان لەمەڕ ئەو پێشێلكاری و دژایەتیكردنە نیشان بدەن كە لەلایەن دادگەی فیدڕاڵی لە دژی بەرژەوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت.

مسعود بارزانی

25ی كانونی دوەمی 2023

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×