كەشناسی هەرێم پێشبینی خۆی بۆ كەشوهەوای ئەمڕۆ هەینی و سبەی شەممە، بڵاوكردەوەو دەڵێت، سبەینێ باران بارین دەستپێدەكات و لە ناوچە شاخاوییەكانیش بەفر دەبارێت و پلەكانی گەرماش نزم دەبنەوە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و لەناوچە شاخاوییەکان هەوری تەواو دەبێت، پلەكانی گەرماش بە 1 تا 2 پلە بەراورد بە تۆماركراوەكانی دوێنێ، نزم دەبنەوە.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە سبەی شەممە، ئاسمان نیمچەهەورو بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت لەگەڵ دابارینی نمە بارانی کەم کەم و هەروەها بەفر لەناوچەشاخاوییەکان كە سەرەتا لەناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم دەستپێدەکات پاشان زۆربەی ناوچەی جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
وتوشیەتی، لەکاتەکانی درەنگانی سبەی شەودا کاریگەری دابارین زیاتر دەبێ.
پێشبینیشی كردوە سبەی پلەكانی گەرما بە 1 تا 2 پلە بەراورد بە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ، نزم ببنەوە.
كەشناسی هەرێم پێشبینی كردوە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم جۆرە بن: ھەولێر: 12، سلێمانی: 10، دھۆک: 10، کەرکوک: 14، ھەڵەبجە: 9، سۆران: 8، گەرمیان: 15 پلە.