مەسرور بارزانی: چاوەڕێی حكومەتی عێراقین بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان
  2023-02-01       611       

مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا رایگەیاند، ئەوەی لە سەر هەرێمی کوردستان و وەفدی هەرێم بوە ئەنجامی داوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق، بۆیە چاوەڕێی حکومەتی فیدراڵین پابەند بێت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان. دەشڵێت، دادگای باڵای ئیتیحادی بەکاردەهێنرێت بۆ تێکدانی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکەدا، بەرنامەی دانوستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی وەفدەكە خرایەڕو، بەمەبەستی پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، هەروەها ڕاسپاردنی وەفدی دانوستانکار بۆ سەردانی بەغداو دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکان لەبەر ڕۆشنایی ئەم بەرنامە پەسەندکراوەدا.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سەرۆک وەزیران، وێڕای دوپاتکردنەوەی خواستی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستورو ڕێککەوتنی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت و کارنامەی وەزاری کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، ئاماژەی بەوە دا کە "ئەوەی لە سەر هەرێمی کوردستان و وەفدی هەرێم بوە ئەنجامی داوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، بۆیە چاوەڕێی حکومەتی فیدراڵین پابەند بێت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان."

مەسرور بارزانی وتیشی، "بە داخەوە، دادگای باڵای ئیتیحادی بەکاردەهێنرێت بۆ تێکدانی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."

سەرۆک وەزیران، "هیوای خواست پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 بەزوترین کات پەسەندبکرێت و ماف و شایستە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستانیش دابین بکرێت."

بەپێی راگەیەندراوەكە، بڕگەی دوەمی کۆبونەوەکە، بریتی بو لە گفتوگۆکردن دەربارەی بابەتی کاخەزە داراییەکان لە هەرێمی کوردستان .

ئەنجومەنی وەزیران، "وەزارەتەکانی دارایی و ئابوری، بازرگانی و پیشەسازی، شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان و فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچونی ڕاسپارد،کە لە ماوەیەکی نزیکدا، سەرنج و تێبینی و ڕاسپاردەکانیان سەبارەت بەم بابەتە لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، "لە بڕگەی سێیەمدا، چارەسەرکردنی کێشەی دەستەبەری بانکی ( خطاب ضمان)ی پڕۆژە وەستاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا و گفتوگۆی پێویستی لە بارەوە کراو لەم ڕوەوە، چەندین پێشنیازو ڕاسپاردە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە خرانەڕو و پەسەندکران."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×