حەلبوسی: لەگەڵ رێوشوێنەكانی بانكی ناوەندیی نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی
  2023-02-04       467       


محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی لەدۆخی دارایی عێراق‌و بەهای دینار ده‌كات‌و ده‌ڵێت، "لەگەڵ گرتنه‌به‌ری‌ رێوشوێنەكان، نرخی دراو دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی‌و ئاماژەكان دەریدەخەن دۆخی دارایی عێراق جێی مەترسیی نییە".

ئاوێنه‌: محەمەد حەلبوسی له‌تویتێكدا نوسیویه‌تی‌، جاری یەكەم نییە بەهای دۆلار هەڵبەزو دابەزبكات، پێشتر حاڵەتی لەو شێوەیە هەبووەو دۆخی دارایی عێراق ئاسایی بووەتەوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دینار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دۆخی ئاسایی خۆی به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ڕێكاره‌كانی دادگا له‌ بانكی ناوه‌ندی و هه‌وڵه‌ پاڵپشته‌كانی حكومه‌ت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بازرگانی و ڕێگریكردن له‌ ده‌ستكاریكردن و قاچاخچێتی و پاراستنی سه‌قامگیرییه‌كه‌ی".

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئه‌وه‌شی‌ نوسیوه‌، ئاماژەكان دەریدەخەن دۆخی دارایی عێراق جێی مەترسی نییە بەبەراورد بەساڵانی رابردو.

هه‌ر ئه‌مڕۆ مه‌زهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سودانی رایگەیاند، دوایین رێكارەكانی بانكی ناوەندیی عێراق، رەنگدانەوەی سەركەوتنی دانوستانەكانییەتی لەگەڵ گەنجینەی ئەمریكاو ئاماژەن بۆ سوككردنی كۆتوبەندە سەپێندراوەكانی ئەو وڵاتە لەسەر عێراق.

مه‌زهه‌ر جه‌ختی له‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌، رێنماییه‌كانی بانكی ناوه‌ندی عێراق، هۆكاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی بەهای دیناری عێراقی بەخێرایی به‌رزببێته‌وه‌‌.


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×