بۆ جاری سێیەم ڕۆژنامەنوسی ڕۆژههڵاتی كوردستان مەسعود کوردپور، كه ئەندامی باڵای ئاژانسی هەواڵی مۆکریانەو هەواڵی مافەکانی مرۆڤ لەشارەکانی کوردستان ڕوماڵ دەکات، سزای زیندانیکردنی بهسهردا سهپێنرا.
ئاوێنه: مەسعود کوردپور دوای چەند ڕۆژێك لەدەستپێکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران کە بەهۆی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی دهستیپێكرد، لەشاری بوکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر كراوو گوازرایەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ.
دەنگی ئەمریکا بۆ دوایین زانیارییەکان سەبارەت بەدۆخی ناوبراو، پەیوندی کردوە بەئاسۆ کوردپور، برای مەسعود کوردپورەوە لەئێران.
ئاسۆ کوردپور لەبارەی چۆنییەتی دەستبەسەرکردنی مەسعود کوردپورەوە دەڵێت، "یەکەمجار کاتژمێر ١١ شەو هێزە ئەمنییەکان، لەڕێکەوتی ٢٠ی مانگی نۆدا، مەسعودیان لەماڵەکەی خۆی لەبۆکان دەستبەسەر کردو لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە گواستنیانەوە بۆ بنکەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ."
ناوبراو وتی، هێزەکان دوای دەستبەسەرکردنی مەسعود، کەلوپەلی تایبەت و موبایلو کۆمپیوتەرەکەی لەگەڵ خۆیان دەبەن.
برای ئەو ڕۆژنامەنوسه وتیشی، "مەسعود بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ لە بنکەی ئیتلاعات یان ئیدارەی ئاسایشی ورمێ دەستبەسەر دەبێت کە لەو ماوەیەدا ڕێگای پێنەدراوە خێزانەکەی یان پارێزەرەکەی ببینێت."
ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو یەکەم دانیشتنی دادگایی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە لقی ١ی دادگای شۆڕشی بوکان بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفڕانس بەڕێوەچوو.
برای ئەو رۆژنامەوانە دەڵێت، "لە دانیشتنی دادگادا، سێ تۆمەتیان دابووە پاڵ مەسعود کە بریتی بوون لە 'بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی'، 'تێکدانی ئاسایشی گشتی' و ' سوکایەتی و بوختانکردن بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی'. "
راشیگهیاند، "لە دانیشتنەکەی دادگادا، مەسعود بە دوو لەو تۆمەتانە تاوانبار کرا و لە تۆمەتی سێهەمیش کە سوکایەتی و بوختانکردن بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بوو، بە بێتاوان دەرچوو."
ئاسۆ کوردپور ئهوهشی وت، "بۆ تۆمەتی یەکەم، واتە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی، مەسعود بە ٩ مانگ زیندانیکردن و بۆ تۆمەتی دووهەمیش واتە تێکدانی ئاسایشی گشتی بە ٨ مانگ زیندانیکردن سزا دراوە."
مەسعود کوردپور لەئێستادا لەزیندانی بۆکاندایە بۆ تێپەڕاندنی ئەو سزانەی کە بەسریدا سەپێندراوە.
ئەو ڕۆژنامەوانە پێشتریش چەندین جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و زیندانی کراوە.
ناوبراو یەکەمجار لە مانگی ٩ی ساڵی ٢٠٠٨دا بە تۆمەتی 'بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی' بە یەک ساڵ زیندان سزا درا کە دوای تێپەڕاندنی سزاکەی لە زیندان ئازاد کرا.
مەسعود کوردپوور خەڵکی شاری بوکانەو پێشتر مامۆستا بووە، بەڵام لەساڵی ٢٠٠٩ەوەو دوای تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی، بێکار دەبێت و لە پیشەکەی دوور دەخرێتەوە.
ناوبراو هەروەها جارێکیتر لەمانگی ٣ی ساڵی ٢٠١٣دا دەستبەسەر دەکرێت و بە تۆمەتی 'گردبوونەوە و هاوکاری لە دژی ئاسایشی نیشتمانی' بە ٣ ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێت.