جەمیل بایک داوا لە هێزەکانیان دەكات هەمو چالاکییە سەربازییەكان رابگرن
  2023-02-10       1226       

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە) لە پەیامێكدا داوای لە هەمو هێزەکانیان کرد، بە هۆی بومەلەرزەکانەوە سەرجەم چالاکییە سەبازییەکانیان ڕابگرن.

ئاوێنە: جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لەبارەى بومەرزەکەی ٦ى ئەم مانگە لە ناوچەی پازاچخی مەرەشی باکوری کوردستان و ناوچەکانى دیکەى تورکیا و سوریا پەیامێکى بڵاوکردەوە.

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە پەیامەکەیدا داوای لە هەمو هێزەکانیان کرد، بەهۆی بومەلەرزەکانەوە سەرجەم چالاکییە سەبازیەکانیان ڕابگرن.

جەمیل بایك وتیشی، ئێمە بڕیارمانداوە، هەتا تورکیا هێرش نەکات، ئەوا هێزەکانمان هیچ پەرچەکردارو چالاکییەک لە نێو شارەکان، مەترۆپۆلەکان و تورکیا ئەنجام نەدەن و پێویستە هەمومان و سەرجەم هێزەکانمان پابەندی ئەم بڕیارە بین، هەڵبەتە هەڵوێستی توركیاش بەرامبەر بە بڕیارەکەمان دیاریکەر دەبێت بۆمان.

جەمیل بایک بە ڕای گشتیی ڕاگەیاندوە، بومەلەرزەی بەهێز کارەساتی گەورەی خوڵقاندوە، بەوهۆیەوە لە باکور و رۆژئاواى کوردستان، تورکیاو سوریا گەلەکەمان و گەلان لەناو دۆخێکی سەختدان، بەتایبەتی بەهۆی سیاسەت و کردەوەکانی توركیا، خەڵکی روبەڕوی ئازاری زیاتر بونەتەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەو دۆخەو هەستی کۆمەڵگە کاریگەری زۆری لەسەرمان داناوەو غەمبارین بۆ ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، رەوانشادی و لای خودا بەزەییان بۆ دەخوازم و بۆ بریندارەکانیش خوازیاری زو چاکبونەوەیانم و پرسەو سەرەخۆشیش ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیان و هەمو گەلەکەمان دەکەم.

وتوشیەتى"بومەلەرزە لە هەمو شوێنێک و لە هەمو جیهان رودەدات، بەڵام ئەوەی گرنگە زۆربەی دەوڵەتان ڕێوشوێن بۆ روبەڕوبوونەوەی دەگرنەبەر، بەوهۆیەشەوە زیانەکانی بومەلەرزە کەمتر دەبن. داڕوخانی خانو و باڵەخانەکان و زیانە گیانییەکان کەم دەکرێنەوە، بەڵام کە لە دۆخی تورکیا دەڕوانین. گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست نابینین، بۆیە کارەساتی گەورە دەقەومێ."

ئەوەشى خستوەتەڕو"هێشتا هەزاران لە کەسوکارمان لە ژێر داروپەردوی خانو و باڵەخانە داڕوخاوەکاندان و پێویستە ئێمە هەرچی زوە ئەوان دەربهێنینەوەو رزگاریان بکەین، چونکە زستانە، بەفرو بارانە، ئەگەر هەیە بەو هۆکارە و زو بەهاناوەەچونیانەوە، زۆرێکیان گیانیان لەدەست بدەن، بۆیە دەبێت دەستوبرد هەرکەس چی لەدەست دێت بیکات و لە چاوەڕوانیدا نەمێنێتەوە، بەهەمو تواناو دەرفەتێکەوە سەفەربەر ببێت و بەهانای لێقەوماوان و خەڵکە کارەساتبارەکەوە بچێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×