بانكی ناوەندی: لەگەڵ بانكی جەی پی مۆرگان رێككەوتوین ئاسانكاریی بكا بۆ حەواڵەكردنی پارە لەعێراقەوە بۆ چین
  2023-02-11       566       

بانكی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكەكە لە دیدارێكدا لەگەڵ دانیال زیلیكۆ، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی بانكی جەی پی مۆرگان، رێككەوتون كە ئەو بانكە ئاسانكاریی بكات بۆ حەواڵكردنی پارە لە عێراقەوە بۆ چین.

ئاوێنە: بانكی ناوەندیی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی لە پەراوێزی سەردانەكەیدا بۆ واشنتۆن لەگەڵ دانیال زیلیكۆ، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی دامەزراوەی جەی پی مۆرگان كۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا رێككەوتون لەسەر ئەوەی كە بانكی جەی پی مۆرگان ئاسانكاریی بكات بۆ ناردنی پارە لە سیستمی بانكی عێراقەوە بۆ چین تا بەشێوەیەكی راستەوخۆ هاوردەكانی كەرتی تایبەت پارەدار بكرێن.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی كۆمەڵێك پرسی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبردنی یەدەگ و سیولەو پشتیوانی تەنكنیكی لەو بانكەوە بۆ بانكی ناوەندیی عێراق و كەرتی بانكیی عێراق كراوە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق وتویەتی، بانكەكە پابەندە بە جێبەجێكردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بۆ روبەڕوبونەوەی سپیكردنەوەی پارەو پشتیوانی دارایی تیرۆر.
 

هەروەها عەلی عەلاق جەختی لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی بانكی ناوەندیی عێراق لەگەڵ هاوتاكانی لە وڵاتانی جیهان كردۆتەوە بەشێوەیەك كە خزمەت بە كەرتی بانكیی عێراق و پەرەپێدانی بكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×