وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەقاچاخ بە ئیسرائیل رونكردنەوە دەدات
  2023-02-11       604       

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لەبارەی هەواڵی بردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم بە قاچاخ و فرۆشتنی بە ئیسرائیل رونكردنەوە دەدات و دەڵێت، ئەو هەواڵە "چەواشەكارییانە" بەتوندی رەتدەكەینەوەو " بە هەوڵی ناحەزانی سەقامگیری و رێكەوتنی نێوان عێراق و كوردستان هەژماری دەكەین."

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمڕۆ شەممە، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند"لەم چەند رۆژەی دواییدا چەند كەسێك لەدەزگا میدیا عێراقییەكانەوە بانگەوازی ئەوە دەكەن گوایە نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی تانكەرەوە بەقاچاغ ئەبرێتە دەرەوەو بە وڵاتی ئیسرائیل دەفرۆشرێت. ئێمە لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەتوندی ئەم بانگەوازە جەواشەكارییانە رەت دەكەینەوەو بە هەوڵی ناحەزانی سەقامگیری و رێكەوتنی نێوان عێراق و كوردستان هەژماری دەكەین."

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وتوشیەتی"هەمو ئەم لێدوان و بانگەوازانە هیچ بنەماو راستییەكی تێدا نییە، لەكاتێكدایە هەردو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ سەرقاڵی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانن، ئەم بانگەوازە جەواشەکارییانە تەنیا ئامانج لێی تێكدانی ئەو هەلە زێڕینەیە كە لەدوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق رەخساوە بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان."

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دوپاتی كردۆتەوە کە "نەوتی هەرێم بەتەواوی لە رێگای بۆری و لە ژێر وردبینی کۆمپانیای بێلایەنی (دیلۆیتی) نێودەوڵەتیی هەناردە دەكات و هەمو کاتێک ڕێز لە دەستوریی عێراقی فیدراڵ و یاساكان دەگرێت."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×