نێچیرڤان بارزانی: پابەندبون بەو رێككەوتنەوە نەبێ كە كراوە، هیچ مانایەك بۆ مانەوەی كورد لەنێو حكومەتی عێراق نامێنێ
  2023-02-19       751       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند، كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌يه‌وێ هاوكاريى هه‌ولێر و به‌غدا بكا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، دەشڵێت، ئەگەر لایەنەكانی دیكە نەیانەوێ پابەندبن بە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی عێراقەوە، ئەوا هیچ مانایەك نامێنێت بۆ مانەوەی كورد لەو حكومەتەدا. ئاماژە بەوەشدەدات كە دوای گەڕانەوەیان لە میونشن دەست بە دیدار لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییە كوردییەكان و پێكهاتەكان دەكەن كە تەوەری سەرەكی دیدارەكان پرسی هەڵبژاردن دەبێت.

ئاوێنە: پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه، دوای كۆتاييهاتنى كارنامه‌و به‌شداريى نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، له‌ لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانيدا باسى له‌ به‌شدارى و ديدار و كۆبونه‌وه‌كانى كرد.

نێچیرڤان بارزانی وتی"لەم كۆنفرانسەدا ئێمە كۆمەڵێك دیدارمان ئەنجام دا، دیدارەكان زیاتر پەیوەندیی بە دۆخی ئێمەوە هەیەو زیاتر بۆ تیشك خستنەسەر پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ بەغدا بو كە تەوەرێكی سەرەكی بو لە هەمو كۆبونەوەكان. كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوەیەكی گشتی دەیەوێت یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، چونكە ئەوان لەو باوەڕەدان، دروستیش هەر وایە، زۆر گرنگە لەڕوی سیاسییەوە سەقامگیری لە وڵاتدا هەبێت و بە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا ئەو سەقامگیرییە سیاسییە لە عێراق بەشێوەیەكی باشتر جێبەجێ دەبێت كە ئەمە دروستەو ئێمەش بۆ هەمو هاوبەشانمان دوپاتمان كردەوە كە هەرێمی كوردستان پشتگیری لە سەرۆك وەزیران و حكومەتی نوێی عێراق دەكات و هەرێمی كوردستان دەیەوێت كێشەكانی خۆی بەپێی دەستوری عێراق لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات، هیوادارین بەغداش هەمان بۆچونی هەبێت و هەوڵێكی جددی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بدات.”

ئەوەشی خستەڕو"تەوەری دیكەی كۆبونەوەكان، داكۆكييه‌ لەسەر پرسی شەڕی ئۆكراینا و ڕوسیا. هەر لەم چوارچێوەیەشدا بابەتی وزە بابەتێكی گرنگە بۆ ئەو وڵاتانەو بێگومان عێراق بەشێوەیەكی گشتی هەرێمی كوردستانیش لە چوارچێوەی عێراقدا ئه‌گه‌ر ڕوانگه‌يه‌كى ڕێكوپێك و بۆچونێكی دروستى لە عێراق هەبێت، دەتوانێت یارمەتییەكی گەورە بدات لەم ڕوەوە. ئەمەش تەوەرێكی دیكە بو كە ئێمە لە كۆبونەوەكانی خۆمان باسمان كرد. هەروەها باسم كرد ئەم كۆبونەوانە دەرفەتن بۆ ئەوەی لە نزیكەوە بە ماوەیەكی كورت ئەم شاندانە ببینین و قسەیان لەگەڵدا بكرێت. بێگومان ئەوەی هەست دەكەم هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی جێگەیەكی تایبەتی هەیە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، تا ئێستاش بابەتی تیرۆرو هەڕەشەی داعش بە هەڕەشەیەكی جددی دەزانن، ئەمەش بە هەمان شێوە بۆچونی ئێمەشە كە لەو باوەڕەدا نین داعش كۆتایی هاتوە، بەڵكو ئێستاش دەتوانێت هەڕەشەیەكی جددی بێت بۆ ئەوەی سەقامگیریی عێراق تێك بدات، ئەمەش یەكێك لەو تەوەرانە بو كە لە كۆبونەوەكانماندا باسمان كرد. بێگومان پرسیاری دیكەشیان و هاندانی هەمو ئەو شاندانەی كە بینیمان ئەوەیە كە كورد پێویستە یەكڕیز بێت و كێشەكانیان لە ناوخۆیاندا چارەسەر بكەن بۆ ئەوەی بتوانن كوتلەیەكی بەهێز بن بۆ چارەسەركردنی هەمو ئەو كێشانەی كە لەگەڵ بەغدا هەیانە. ئێمەش جه‌ختمان لەوە كردەوە كە ڕاستە كێشە هەیەو نكۆڵی لێ ناكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كێشەكان ئەوەندە گەورە نین كە نەتوانین چارەسەریان بكەین. ئەوە پوختەیەكی كورتی دیدارەكانمان بو.”

دواتر لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەواناندا سەبارەت بە پێگەو ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی ئاسایش و وزەو چارەسەركردنی كێشەكاندا، رایگەیاند: “پرسی ئاسایش و تیرۆر، پرسێكی هاوبەشی هەمو لایەكمانە، هەڕەشەی تیرۆر لە عێراق و هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ڕۆژئاواش هەیە. بێگومان ئێمە ئەزمونێكی زۆرمان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاواو ئەمەریكا هەیەو لەم كۆبونەوانەدا چ لەگەڵ ئەمریكییەكان و چ لەگەڵ ئەوروپییەكاندا، سوپاسمان كردو سوپاسی پشتگیری و پشتیوانیی بەردەوامی ئەو وڵاتانەمان كرد كە یارمەتيی ئێمەیان داوە لە پرس و هەڕەشەی تیرۆر هەم لەسەر عێراق و هەم لەسەر وڵاتانی ڕۆژئاوا. ئەوەی هەستمان پێكرد ئەوانیش تێدەگەن كە ئەم پرسە كۆتایی نەهاتوەو ئامادەیيی خۆمان دەربڕی بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە هاوكاری لەگەڵ یەكترو بۆمان ڕون كردنەوە كە لە ساڵی 2014ەوە پێشمەرگە چ ڕۆڵێكی بینیوە، هێزە ئەمنییەكانمان چ ڕۆڵێكيان بینیوە، گەلی ئێمە چ ڕۆڵێكی بینیوە بۆ تێكشكاندنی تیرۆر. بێگومان هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو سیاسەتە بەردەوام دەبێت.”

دەربارەی دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و كۆبونەوەیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و چارەسەركردنی كێشەكان،  نێچیرڤان بارزانی وتی: “زۆر بەداخەوە دەبوایە ساڵی ڕابردو هەڵبژاردن بكەین، بەڵام لەبەر كۆمەڵێك هۆكار تا ئێستا نەكراوە. هیوادارین ئەمساڵ بێگومان هەڵبژاردن بكرێت. سیاسەتی سەرۆكایەتیی هەرێم ئەوەیە كە دوای گەڕانەوە لە ميونشن دەست بە هەندێك دیدار لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەین و بابەتی هەڵبژاردن سەرەكی دەبێت هەم لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و هەم لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە. دواى ئەوە ئێمە پابەندین بە هەندێك كات و وادەوه‌ كە من وەك سەرۆكی هەرێم دەبێت وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەستنیشان بكەم، دەبێت هەڵبژاردن بكرێت، زۆر بەداخەوە كە نەكراوە، ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن هەمو پرۆسەی سیاسی و شەرعییەتی هەرێمی كوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. لەبەرئەوە هیوادارم هەمو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەم پرسە بە گرنگ و جددی وەرگرن. بۆ من وەك سەرۆكی هەرێم كە ئەو بەرپرسیارەتییە یاساییەم لەسەر شانە، ئەوەی پێویستەو بەپێی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم، جێبەجێی دەكەم.”

سەبارەت بە كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ميونشن و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، ئاشكرایكرد “لەگەڵ بەڕێز سەرۆك وەزیران لێرە كۆبوینەوەو هاوڕا بوین كە پێویستە ئەم پرسانه‌ بەزوترین كات چارەسەربكرێن. هەفتەی ڕابردو شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بون و ئەم پرسە باس كراوە. وەك باسم كرد جددین لەسەر ئەوەی ئەم كێشانە لەگەڵ بەغدا چارەسەربكرێن. چارەسەر لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا. هیوادارم چارەسەر بكرێن و ڕێگەی دیكەمان نییە. ئەم حكومەتە كە پێكهێنراوە لە ئەنجامی هاوبەشیی نێوان كورد و لایەنی شیعەو سوننی دروست بوەو لەسەر بەرنامەیەك ڕێككەوتوین و بە نوسین نوسیومانەتەوەو ئیمزامان كردوە. ئەگەر لایەنەكانی دیكە نایانەوێ پابەندی ئەو ڕێككەوتنە بن، ئەو كات هیچ مانایەك نامێنێت ئێمە وەك كورد لەناو ئەو حكومەتەدا بمێنین و پێموایە ئەوان ئەوە تێدەگەن. ئەوەی ئێمە داوای دەكەین، ئەو ڕێككەوتنەی كە بە نوسین نوسیومانە و دەستنیشانی نەخشەڕێگەی چارەسەری هەمو ئەو كێشانەی تێدا كراوە، هیوادارین ئەوە جێبەجێ بكرێت. ئەوەی كە جیاوازە، زۆر جار باس لەوە دەكەین ئەو حكومەته‌ی ئێستا لە عێراق پێكهێنراوە، جاوازییەكەی لەگەڵ حكومەتەكانی دیكە ئەوەیە كە یەكەم جارە شتێكمان بە نوسین هەیە و لەم نوسینەدا نەخشەڕێگەی چۆنییەتیی چارەسەركردنی كێشەكان دەستنیشان كراوە، بۆیە هەم سەرۆك وەزیران و هەم لایەنی شیعەو هەم لایەنی سوننی و هەم لایەنی كوردیش دەبێت پابەند بن بۆ جێبەجێكردنی ئەم ڕێككەوتنە. بێگومان هێشتا زۆر زوە، ئەمە چوار مانگە سەرۆك وەزیران لە ئۆفیسی خۆیەتی و دەستی بە كار كردوە. گەشنبینین و دەمانەوێت ئەم كێشانە بە ڕێگەی دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا چارەسەر بكرێن، ڕێگایەكی دیكەشمان نییە و دەبێت چارەسەر بكرێن.”

دەربارەی وادەی ئەنجامدانی كۆبونەوەی پارتی و یەكێتیش، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند: “وەك باسم كرد كێشە لەنێوان پارتی و یەكێتیدا هەیە، بەڵام هەمو ئەو كێشانە ئەوە نییە كە نیگەرانییەكی یەكجار زۆرى بەدوای خۆیدا هێنابێت. نامەوێ كەمی بكەمەوە لەوەی كە كێشە نییە، نامەوێ ئەوە ببینم كە شتەكان هەموی ڕێكوپێكن، وا نییە، چونكە كێشە هەیە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا گەیشتوینەتە ڕاده‌يه‌ك كە هەڕەشەیەكی زۆر گەورە بێت لەسەر هەرێمی كوردستان؟ پێموایە نەخێر. ئەوەی كە گرنگە دەبێت هەرێمی كوردستان بە هەمو پێكهاتە و هێزە سیاسییەكانییەوە بزانن كە بەیەكەوە دەتوانین كار بكەین و گەر بەیەكەوە نەبین ناتوانین هیچ شتێك بۆ هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەین. دەبێت هەمو هێزە سیاسییەكان ئەمە بزانن، دەبێت یەكتری قبوڵ بكەین. ڕاستە جیاوازیمان هەیەو حزبى جیاوازمان هەیە، بەڵام لە ئەنجامدا وڵاتێكمان هەیە، ئەم وڵاتە و ئەم میللەتە دەمێننەوە. پێویستە هێزە سیاسییەكان لە چوارچێوەی بەرژه‌وەندیی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا بڕیار بدەن و دەبێت بەرژه‌وەندیی هاوڵاتیان و هەرێمی كوردستان لە سەروی هەمو شتێكەوە بێت. پێویست بو كۆبونەوە پێشتر ئەنجام بدرابا و لەو باوەڕەدام لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو كۆبونەوەیەش دەكرێت.”

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و قەتەر و پرۆژەی هاوبەش لە داهاتودا لەنێوان هەردولا، نێچیرڤان بارزانی وتی: “پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، دۆستانە و برایانەن، لەگەڵ وڵاتی قەتەریش هەمان شتە. لێرە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر كۆبوینەوە، پێش ئێستاش سەردانی قەتەرمان كردوەو جەنابی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانیش سەردانی قەتەری كردوە. بۆ ئێمە وەك هەرێمی كوردستان پەرەپێدانی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی گرنگیی خۆی هەیە، ئێستا لەگەڵ قەتەر دەگەڕێین تا بزانین چ بوارێكی ئابوری هەیە كە ئەوان بتوانن لە عێراق و هەرێمی كوردستان هاریكاری بكەن، ئەمانە ئەو بابەتانەن كە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر و لە دیداری ئێستاشدا باسمان كرد. پەیوەندیی دوقۆڵی نێوانیشمان زۆر باشەو بێگومان بە هاوكاریی بەغدا لە ماوەیەكی نزیكدا كونسوڵخانەی خۆیان لە هەولێر دەكەنەوە، ئەمەش نیشانەی پێشكەوتنی پەیوەندییەكانی دوقۆڵیی هەرێمی كوردستان و قەتەرە.”

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×