"تیمێكی یاسایی هەرێم بۆ داڕشتنی پڕۆژە یاسای بودجەو پڕۆژە یاسای نەوت و گاز دەچێتە بەغدا"
  2023-02-21       382       

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە دو رۆژی داهاتودا تیمێكی یاسایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تەواوكردنی داڕشتنی پڕۆژە یاسای بودجەو پڕۆژە یاسای نەوت و گاز سەردانی بەغدا دەكات.

ئاوێنە: جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بە پێگەی رەسمی حكومەتی هەرێمی راگەیاند"وەفدی حکومەتی هەرێم، لەسەر بنەمای رێكکەوتنە سیاسییەکەی پێکهێنانی حکومەتی سودانی، بۆ داڕشتن و ئامادەکردنی یاسای بودجەی 2023 و یاسای نەوت و گازو چەندین بابەتی پەیوەندیدار سەردانی بەغدای کردو لە کۆبونەوەی لەگەڵ حەيان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، بەشێوەی گشتی لەسەر کۆمەڵێک بابەتی پەیوەندیدار بە یاسای نەوت و گاز گفتوگۆ کراو گفتوگۆکانیش بەردەوامیان هەیە."

وتەبێژی حکومەتی هەرێم بە ئاماژەپێدان بە پێداگریی حکومەتی هەرێم بۆ ڕێکكەوتن لەگەڵ بەغدا، وتی:"وەفدی حکومەتی هەرێم بۆ تاوتوێکردنی پرسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ لەگەڵ تیمی حکومەتی عێراق کۆبوەوەو بڕیارە تیمێکی یاسایی بۆ تەواوکردنی داڕشتنی دەقە یاسایییەکانی تایبەت بە پڕۆژەیاسای بودجەو یاسای نەوت و گاز، لەم دو ڕۆژەدا سەردانی بەغدا بکات."

جوتیار عادل لە بارەی دۆسیەی یاسای نەوت و گاز ئاماژەشی بەوەدا کە، لێکتێگەیشتنێک لەسەر بنەما گشتییەکان هەیە، بەڵام پێویستی بە گفتوگۆ و کۆبونەوەی زیاتر هەیەو لیژنە هاوبەشەکە لە چەند ڕۆژی داهاتودا، بۆ كارپێكردن بەو لێکتێگەشتنەی نێوان هەردووا لەسەری ڕێككەوتون، دەستبەکار دەبێت.

وتیشی "یاسای نەوت و گاز بۆ هەمو عێراق گرنگ و پێویستییە، چونكە سێكتەری نەوت لە عێراق گرفتی زۆری هەیە و یاساشی نییە؛ ئەم سێكتەرە ئێستا بەپێی یاسای وەزارەتی نەوت کار دەکات كە لە ساڵی 1976 داڕێژراوە. بۆیە یاسای نەوت و گاز تەنیا بۆ چارەسەرکردنی كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا نییە، بەڵكو كێشەی تەواوی عێراق چارەسەر دەکات و پێداچونەوەش بە سێكتەری نەوتی عێراقدا دەکات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×