رونكردنەوەی وەزارەتی دارایی لەبارەی دروستبونی كێشە بۆ دابەشكردنی موچەی خانەنشینان لەهەولێر
  2023-02-22       325       

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە چەند بانكێكی هەولێر قەرەباڵغی لە دابەشكردنی موچەی خانەنشیناندا دروست بو، بەڵام دواتر كێشەكە چارەسەركرا.

ئاوێنە: بەپێی رونكردنەوەیەكی وەزارەتی دارایی، مەولود سابیر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکانی هەرێم رایگەیاندوە"ساڵانە بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی هەرێم ئامارێک بڵاودەکاتەوە بۆ سەرجەم بانکە بازرگانییەکان، کە فۆڕمێکی تایبەتە بە ئامادەبونی خانەنشینان بەمەبەستی وەرگرتنی موچەکانیان لە مانگی یەکی هەمو ساڵێک."

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەمڕۆ چوارشەممە "لەسەرجەم ئەو بانکە بازرگانیانەی کە موچەی خانەنشینی شارستانی دابەشدەکەن، لیژنەیەک لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینەوە دانرا بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان، کە پێکهاتبون لە 3 فەرمانبەر لە هەر بانکێک."

مەولود سابیر وتوشیەتی"بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی موچەخۆرانی خانەنشینەوە بەشێوەیەکی کاتی قەرەباڵغی لەدابەشکردنی موچە لە چەند بانکێکی شاری هەولێر دروست بو."

جەختیشی كردۆتەوە كە "دوای ئەوەی لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشین و بەڕێوبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانەوە ژمارەی لیژنەکان زیادکران و کێشەکە چارەسەرکرا."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×