پێدانی ئۆتۆمبێل به‌ قیست بۆ مامۆستایان ده‌ستیپێكرد
  2023-02-24       853       

یەکێتی مامۆستایان و کۆمپانیایەکی بازرگانی ئۆتۆمبێلی چینی گرێبەستێکیان واژوو کرد و ئێستا مامۆستایان دەتوانن ئۆتۆمبێل بە سیستەمی قیستی مانگانە رابکێشن. 

ئاوێنه‌: عەبدولواحید محەمەد، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی كوردستان رایگه‌یاند: لە ئێستادا مامۆستایان دەتوانن بە قیست ئۆتۆمبێل بکڕن و بۆ ئەو مەبەستەش گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی واژوو کراوە. 

ئاماژەی بەوەشدا، بەرزترین نرخی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بۆ مامۆستایان دابین کراوە 29 هەزار دۆلارە و بە پێشەکی هەزار دۆلار یان زیاتر مامۆستا دەتوانێت ئۆتۆمبێل رابکێشێت. 

وتیشی: "ئەگەر پێشەکی زیاتر بدات رێژەی قیستی مانگانەکەی کەمدەبێتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو، قیستی تەواوی راکێشانی ئۆتۆمبێل بۆ مامۆستایان بە پێنج ساڵ دەدرێتەوە و مامۆستا پێویستی بە پشتگیری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و یەکێتی مامۆستایان دەبێت تا لە کۆمپانیاکە ئۆتۆمبێل رابکێشێت.

هاوکات، ناڕەزاییەک لەلایەن یەکێتی مامۆستایانەوە لە گرێبەستی کۆمپانیاکە گیرا ئەویش بریتییە لەوەی ئەو مامۆستایانەی مووچەکانیان لە ملویۆنێک 100 هەزار زیاترە دەتوانن ئۆتۆمبێل رابکێشن.

بۆ ئەو مەبەستە یەکێتی مامۆستایان هەوڵدەدات کۆمپانیای بازرگانی ئۆتۆمبێلەکە قایل بکات تا رێکارەکان سەرجەم مامۆستایان بگرێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×