ئێران سێ کەسی دیکە لەسێدارە دەدات
  2023-03-02       403       

سێ کەس لە زیندانی شیراز لەسێدارەدران و لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە تەنها لە ساڵی نوێدا زیاتر لە 100 کەس لەسێدارەدراون کە ژمارەیکی بەرچاویان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوە.

ئاوێنه‌: ناوەندی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە سێ بەندکراوی زیندانی ناوەندیی شیراز بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختی کەسوکارەکانیان و بە شێوەی نهێنی لەو زیندانە لەسێدارەدراون.

ناسنامەی ئەو سێ زیندانییە بڵاو کراوەتەوە کە لە لایەن دەزگای دادی ئێرانەوە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست بڕیاری جێبەجێکردنی سزاکەیان دراوە.

لە لایەکی دیکەوە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماری لەسێدارەدانەکانیان لەو بەشە لە کوردستان بڵاو کردوەتەوە و ئاماژەیان بەوە کردوە تەنها لە دوو مانگی ئەمساڵدا 102 کەس لە سەرتاسەری ئێران لەسێدارەدراون کە یەک لەسەر سێی ژمارەی لەسێدارەدراون کورد بون.

بە پێی ئامارەکان لە ماوەی دوومانگی ئەمساڵدا لانیکەم 33 کورد لە رۆژهەڵات و لە شارەکانی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە کە تۆمەتی پێنج کەسیان سیاسیی بوە و 28 کەسی دیکەشیان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون کە زۆربەیان زیاتر لە چەند ساڵێک لە زیندانەکاندا بەند کرابون.

زیاترین جێبەجێکردنی لەسێدارەدان لە ئێران لە زیندانی ئەلبورز لە شاری کەرەج و دوای ئەویش لە زیندانی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوە.

لە زیندانی ئەلبورز لانیکەم 28 بەندکراو لەسێدارەدراون و لە زیندانی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان نۆ بەندکراوی ئەو زیندانە لەسێدارە دراون.

لە ماوەی رابردودا ژمارەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی  پێشو لە زیندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە لە کاتێکدا زۆربەی ئەو بەندکراوانە بە هیوای لێخۆشبون و کەمکردنەوەی سزاکانیان لە زیندانەکان راگیرابون و ژمارەیەک لەو کەسانەی لەسێدارەدراون لە نێوان سێ بۆ پێنج ساڵ لە زیندانەکاندا بون.

لە دوای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر لە 110 کەس سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا و چوار کەسان لەسێدارەدران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوەیەکگرتوەکانیش هۆشدارییان داوە کە سزای سێدارە لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە پێش ئەوەی یاسا بێت، وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی نەیارانی دەسەڵات و ناڕەزایەتییەکان بەکار دەهێنرێت.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×