هێرشکردنە سەر یاریزان و لایەنگرانی یانەی ئامەد کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوه
  2023-03-06       646       

لە شاری بۆرسای تورکیا ژمارەیەکی زۆر لەلایەنگرانی یانەی بۆرساو یاریزانەکانی ئەو یانەیە هێرشیان کردە سەر یاریزان و لایەنگرانی یانەی ئامەد کە لە چوارچێوەی خولی یانە پلە دووەمەکانی تورکیادا رووبەرووی یەکدی ببوونەوە.

 

ئاوێنه‌: سەرەتا لایەنگرانی یانەی بۆرسا وێنەی ئۆتۆمبێڵە تۆرۆسەکان و سەرکردەی ئەو دەزگا هەواڵگریانەیان بەرز کردەوە کە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، بەکوشتن و بێسەروشوێنکردنی 17 هەزار کورد لە باکوری کوردستان تۆمەتبارکراون و بەو ئۆتۆمبێڵە تۆرۆسانە بەهەزاران کوردیان رفاندبوو، دواتر بەبوتڵی شوشەو دەبەی ئاو، چەرخ‌و داروبەرد هێرشیان کردە سەر یاریزانان‌و لایەنگرانی یانەی ئامەدو بەو هۆیەوە بەدەیان یاریزان‌و لایەنگری ئەو یانەیە بریندار بوون.

هەرچەندە سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند هەندێک بەرپرسی یانەکە و شارەکەیان سزاداوە، بەڵام هەدەپە، هاوڵاتیانی کورد و بەڕێوەبەریی یانەی ئامەد، هێرشەکەیان بەهێرشێکی پلان بۆ داڕێژراو وەسف کرد.

مەتین کلاڤوز ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یانەی ئامەد لەم بارەیەوە بۆ بەشی تورکی بی بی سی قسەی کرد و گوتی " ئەو هێرشە، پێشهاتێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو پلانی بۆ داڕێژرابوو بەئەنقەست ئەنجامدراوە."

سەندیکای پارێزەرانی ئامەدیش رایگەیاند کە سکاڵای یاسایی لەدژی هێرشبەران تۆمار دەکەن، بەهۆی ئەوەی ئاسایشی گشتیان خستووەتە مەترسیەوە و سووکایەتیان بە هاوڵاتیان کردوە.

لەمبارەیەوە میدحاد سانجارو پەروین بوڵدان هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو رایانگەیاند، حکومەت لەبەرامبەر ئەو رەگەزپەرستیە بێدەنگ بوەو ئۆباڵی ئەم هێرشە رەگەزپەرستیە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسانەی بەرپرسیاری پاراستنی گۆڕەپانەکەیان لە ئەستۆدا بوە.

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپەش لەتویتێکدا نوسیویەتی  "هەموو کاتێک سەربەرز بەیانەی ئامەد، یاریەکی بێوێنە پێشکەش بکە. لایەنی سیاسی ئەو تۆرۆسە سپیانە بۆ ئێمە بەجێ بهێڵە. ئێمە خۆمان رادەستی ئاغاکانی ئەوانمان نەکردووە، چ بگرە سەر بۆ ئەمانە دانەوێنین."

بەگوێرەی میدیاکانی تورکیاش بێت، تاوەکو ئێستا ١٠ کەس بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر یاریزانانی یانەی ئامەد دەستگیرکراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×