خامنەیی: ژەهراویکردنی کچانی قوتابخانەكان تاوانێکه‌ لێخۆشبونی نییە
  2023-03-06       202       


عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ دوشەممە رایگه‌یاند، ژەهراویکردنی کچانی قوتابخانەی ئێرانی لە ماوەی چەند مانگی رابردودا لێخۆشبونی نیه‌، ئەوەش لەکاتێکدایە کە روداوی گوماناوی ژەهراویبون لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی وڵات و گواستنەوەی سەدان کچ بۆ نەخۆشخانە تۆماركراون.

ئاوێنه‌: به‌گوێره‌ی میدیاكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی خامنەیی رایگه‌یاندوه‌، "دەبێت دەسەڵات بە جددی بەدواداچون بۆ دۆسیەی ژەهراویکردنی کچانی قوتابخانە بکات، ئەوە تاوانێکی لێخۆشبونی نیه‌ و پێویستە تاوانبارانی ئەم تاوانە بە توندی سزا بدرێن".

دوێنێ یەکشەممە، حکومەتی ئێران بەڵێنیدا لێکۆڵینەوە لە هێرشە زنجیرەیی نهێنییەکان بە مادەی ژەهراوی بۆ سەر قوتابخانەکانی کچان ئەنجام بدات، لەکاتێکدا کە بازنەی هێرشەکان فراوانتر بوه‌، کە بوەهۆی گواستنەوەی دەیان کەسی بریندار بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە قوتابخانەکانی کچانه‌وه‌ بۆ نەخۆشخانەکان. 

دەسەڵاتدارانی ئێران بیر لە داخستنی قوتابخانەکان دەکەنەوە، بەپێی ئەوەی لەلایەن وەزیری پەروەردەی ئێرانەوە راگەیەندراوە، لەکاتێکدا ئەندامێکی پەرلەمان رایگەیاندوە، کە دەسەڵات لێکۆڵینەوە لە "ئەگەری تێوەگلانی مامۆستایان لە پیلانگێڕیی دوژمن" دەکات.

لانیکەم 59 خوێندکاری کچ لە مەشهەد ژەهراوی بون، ئه‌وه‌ش بەپێی ئەوەی لە لایەن بەرپرسی ئیدارەی پەیوەندییە گشتییەکان لە ئیدارەی پەروەردە ڕاگەیەندراوه‌، هێشتاش دیارنیه‌ كێ له‌ پشت هێرشەکانەوە بوە.

لایخۆیه‌وه‌ قائیمقامی شاری نیشاپور رایگەیاند، 50 قوتابی لە قوتابخانەی ناوەندی بوقورتی کچانی له‌م شارەدا ژەهراوی کراون و 10 خوێندکاریان بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.

جگە لە خوراسان و ئەهواز، گرتە ڤیدیۆیی و زانیارییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەریانخستوە کە دەیان قوتابخانە لە پارێزگاکانی تاران، ئیسفەهان، قەزوین، کرماشان، کوردستان توشی هێرشی ژەهراوی بون.

ڤیدیۆ و وێنە بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبوەوە، کە ئامبولانس و پاسەکان کە لۆگۆی فریاگوزاری ئێرانیان لەسەرە و رەنگەکانیان لەبەردەم دەرگای ژمارەیەک قوتابخانەدا دەردەکەون.

ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەو دیاردەیە دوبارە دەبێتەوە، خوێندکارە کچەکان لە قوتابخانەکانی کچان بۆنی "نامۆ" هەڵدەمژن، پاشان نیشانەکانی وەک سکچون، هەناسە تەنگی و سەرگێژخواردنیان بۆ دروست دەبن.

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×