ئاوات شێخ جەناب: لەسەر بەشە بودجەی هەرێم لەگەڵ بەغدا گەیشتوینەتە رێككەوتن
  2023-03-06       395       

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم رایگەیاند، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا ئەوپەڕی نەرمیمان نواندوەو دەشڵێت، لەسەر بەشە بودجەی هەرێم لەگەڵ بەغدا گەیشتوینەتە رێككەوتن.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ دوشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری لە دیوانی وەزارەت پێشوازی کرد لە وەفدێکی باڵای کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، کە پێکهاتبون لە زەهرا بێل، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لەهەولێر بە وەکالەت و دەیڤد کودێل، بەرپرسی بەشی سیاسی و ئابوری و جوشوا لویس، کارمەندی سیاسی و ڤەهێل ئامێدی، پسپۆڕی ئابوری و وزە لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر.

لە دیدارێکدا وەزیری دارایی و ئابوری تیشکی خستەسەر دوایین دەرئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغداو ڕایگەیاند "لەچوارچێوەی بڕیاری حکومەتی هەرێم بۆ سفرکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ بەغدا ئەوپەڕی نەرمیمان نواندوەو لەسەر بەشە بودجەی هەرێم گەیشتوینەتە ڕێکەوتن و دوا داڕشتنی بەندەکانی لەلایەن هەردولاوە تەواو بوە، بەئاگاداری و چاودێری سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئومێدەوارین بەزوترین کات بگاتە پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی."

 لەتەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا وەزیری دارایی و ئابوری "باسی لە هەنگاوەکانی چاکسازی کرد لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی حکومەتی هەرێم" و ڕایگەیاند"ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و کۆکردنەوەیان لەژێر چەتری وەزارەتدا قۆناغی باشی بڕیوەو ئەوەی پەیوەستە بە وەزارەتی داراییەوە هەمو کارئاسانییەکمان بۆ ئەو پرۆسەیە کردوەو بەردەوامیش دەبین."

بەپێی راگەیەندراوەكە، لای خۆشیەوە زەهرا بێل، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر بە وەکالەت "ستایسی ڕۆڵی شاندی هەرێمی کوردستانی کرد لە بەرەوپێشچونی هەنگاوەکانیان بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق لە سەر بودجەو دۆسیەی نەوت و غاز، هاوکات دەستخۆشی لە  بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی کرد بۆ یەکخستنەوەو ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "لە تەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا باس لە کێشە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کراو تیشکخرایە سەر کەمی داهات لە سنوری پارێزگای سلێمانی، لەو ڕوەشەوە وەزیری دارایی ئەو هەنگاوانەی بۆ وەفدی میوان ڕون کردەوە کە بەمەبەستی ڕێکخستنەوەو زیادکردنی داهاتی پارێزگاکە گرتویانەتەبەر.

لە کۆتایی دیدارەکەشدا وەزیری دارایی "ستایشی ڕۆڵی ئەمریکای کرد لە پای هەوڵەکانیان بۆ لێکنزیکبونەوەی هەرێم و بەغدادو داواشی کرد ڕۆڵی زیاتر ببینن لە چارەسەرکردنی کێشە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×