لەسەر دۆسیەی كڕینی هۆتێلەکەی هەولێر چوار بەرپرسی دیکەی وەقفی سوننەی عێراق سزادران
  2023-03-10       788       

دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، بەهۆی دۆسیەی کڕینی هۆتێلێک لە هەولێر دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی چوار بەرپرسی وەقفی سوننەی بە زیندانیکردن سزا داوە کە سزای یەکێکیان چوار ساڵە.

ئاوێنە: دەستەی دەستپاکیی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی سزای چوار ساڵ زیندانی بۆ جێگری بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی بەڕێوەبردن و وەبەرهێنان لە پارەکانی وەقفی سوننە دەرکردوە.

 هۆکاری سزادانی ئەو بەرپرسە، وەک دەستەکە ئاماژەی پێکردوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە "گوشاری خستوەتە سەر فەرمانبەرانی فەرمانگەکەی بەمەبەستی تەواوکردنی رێوشوێنەکانی کڕین و فرۆشتنی هۆتێل رامادا لە هەرێمی کوردستان، سەرباری نەبونی هیچ سودێکی ئابوری و روپۆشێکی دارایی بۆ ئەو بابەتەکە" کە دەستەکە پێیوایە "ئەو کارە پێچەوانەی رێنماییەکانی دیوانی چاودێریی داراییە."

 هەر بەپێی دەستەی دەستپاکیی عێراق، سێ ژمێریاری وەقفەکە هەر یەکەیان بە یەک ساڵ بەندکردن سزا دراون، بەهۆی ئەوەی بە پێچەوانەی رێنماییەکان بەڵگەنامەکانی کڕینی هۆتێلەکەیان واژۆ کردوە.

ئەو کەسانە بەپێی مادە 331 لە یاسای سزادانی عێراق کە تایبەتە بە کەمتەرخەمی لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکان و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی و تایبەت، سزادراون، بەڵام دادگاکە بڕیاری داوە سزای یەکێک لە سزادراوان رابگیرێت.

رۆژی دوشەممە 27-2-2023، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکیی عێراق راگەیەندراوێكی لەبارەی دەستگیرکردن و سزادانی دو بەرپرسی وەقفی سوننەوە دەرکرد کە لە سەرپێچییەکانی دۆسیەی کڕینی هۆتێل رامادا لە هەولێر تێوەگلاون.

بەپێی گرێبەستێک، کە رۆژی 15-8-2021 کراوە، دەستەی وەقفی سوننە کە دامەزراوەیەکی دەوڵەتی عێراقە، گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک بەناوی SM بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری و بەڕێوەبەردنی موڵکەکان کردوە و تێیدا هۆتێل رامادا لە شاری هەولێر بەبڕی 47 ملیار دینار فرۆشراوە بە وەقفی سوننە، کە بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبردن و وەبەرهێنانی پارەکانی وەقفەکە، واژۆی لەسەر کردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×