ئەمریكا دابینكەرانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ ئێران دەخاتە لیستی سزاكانەوە
  2023-03-10       471       

ئیدارەی ئەمریكا پێنج كۆمپانیا كە بنكەكەیان لە چینە و كەسایەتییەكی خستە لیستی سزاكانەوە كە پشتگیری لە تۆڕی دابینكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێران دەكەن.

ئاوێنە:  گەنجینەی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا باسی لەوە كردووە،  تۆڕی دابینكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێران لەلایەن نووسینگەی كۆنتڕۆڵی سامانی بیانییەكان (OFAC) كراوەتە ئامانج.

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو، پێنج كۆمپانیا و كەسایەتییەك سزا دەدرێن، هەروەها ئاماژە بەوە كراوە، ئەم تۆڕە كە بنكەكەی لە چینە بەرپرسیارە لە فرۆشتنی هەزاران پێكهاتەی فڕۆكەوانی بەتایبەتی ئەو پێكهاتانەی كە دەتوانرێت بۆ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەكاربهێنرێت، بە دامەزراوەی پیشەسازیی بەرهەمهێنانی فڕۆكەی ئێران (HESA).

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە (HESA) "فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی Shahed-136 "ی بەرهەمهێناوە كە بۆ هێرشكردنە سەر كەشتییە نەوتهەڵگرەكان بەكارهاتووە و هەناردەی رووسیا كراوە.

ئاماژەبەوەشكراوە، پێنج كۆمپانیای بەرپرس لە فرۆشتن و ناردنی پێكهاتەكانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ ئێران بە ناوەكانی كۆتۆ ماچینەری، راڤین، گویلین ئەلفا، S&C Trade و كاسپرۆ و كارمەندی كۆمپانیای S&C Trade، یون شیا یوان-یش سزا دەدرێن.

براین نێڵسن، راوێژكاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بۆ كاروباری پرسی تیرۆر و هەواڵگریی دارایی، لە هەڵسەنگاندنی خۆیدا سەبارەت بەو بابەتە، ئاماژەی بەوە داوە كە ئێران بەهۆی بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێرانی لە ئۆكراینا لەلایەن رووسیا، راستەوخۆ دەستی هەبووە لە كوشتنی مەدەنییەكان لە ئۆكراینا.

لە راگەیەندراوێكی دیكەی وەزارەتەكەدا باس لەوە كراوە كە نووسینگەی كۆنترۆڵی سامانی بیانییەكان (OFAC) ٣٩ دامەزراوەی خستووەتە لیستی سزاكانەوە بەهۆی ئەوەی وایان كردووە دامەزراوە سزادراوەكانی ئێران دەستیان بە سیستمی دارایی نێودەوڵەتی بگات.

یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریكا، والی ئادەیمۆ لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەی خستووەتەڕوو كە ئێران تۆڕی ئاڵۆزی لەگەڵ كڕیارانی بیانی و دەیان كۆمپانیا پەرەپێداوە كە ئەمەش وا دەكات كۆمپانیا سزادراوەكانی ئێرانی خۆیان لە سزاكان بەدوور بگرن و درێژە بە بازرگانییەكانیان بدەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×