ئەژی ئەمین زۆر بە توندی دژی یەکێتی ھاتە دەنگ و ھەڕەشەی گرتنە دەستی دەزگای زانیاری دەکات
  2023-03-10       2403       

ئەژی ئەمین کە ئێستا یاریدەدەرى ڕاوێژکارى ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێمى کوردستانە، لەپەیامێکدا زۆر بە توندی دژی یەکێتی ھاتە دەنگ و ھەڕەشەی گرتنە دەستی دەزگای زانیاری دەکات.

 

ئاوێنە:  ئەژی ئەمین دەڵێت "بانکەکانى سلێمانى تاڵان و فەرهود دەکرێن و دۆلارەکانى ڕەوانەی ئەملا و ئەولا دەکرێن و ئەگەر کەسێکیش بێتەسەر شەقام و داواى مافى خۆى بکات، ئەوا مولازم موحسین ئاسا ئامادەن".

دەشڵێت "بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان و سەقامگیری و ئەزموونەکەی بەکاری دەهێنن و بەتایبەت دۆخى ئەمنى سلێمانى و ئاسایشی ناوخۆی ئەو دەڤەرە و هەر بەو هۆیەشەوە ناوخۆی یەکێتیش ڕۆژ بەڕۆژ خراپتر دەبێت‌و ئەو تاقمەى لەو ناوچەیەیە تەنها بۆ گیانى هاووڵاتیان پاڵەوانن و لەبەرامەر دەستدرێژى و پەلامار و دەستێوەردانى دەرەکى بێدەنگ و هاوکارن و زۆربەى کات هەرخۆیان ڕێکخەرى ئەو دەستدرێژیانەن. هەر بۆیە ئێمە هەموو لایەک بەرامبەر بەم دۆخە بەرپرسیار دەبینین و بەڵێن دەدەین دەزگاکە لە جاران بەهێزتر بکەینەوەو بیخەینەوە سەر ڕێگاى دروستى خۆى و بەردەام بین لە خزمەتکردنی ئاسایش و ئارامی و شکۆی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان".

داواشدەکات کۆمەڵانی خەڵکى کوردستان هاوکارو پشتیوانی هەموو دامەزراوە فەرمی و شەرعییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بن و چاوەڕوانی گۆڕانکاریی گەورە و پوچەڵکردنەوەى هەموو پلانەکان بن و هەر لەم ئاڕاستەیەشدا بەڵێنی ئەوە بە خەڵکی خۆمان و کادیرە دڵسۆزەکانی ئاسایش و ئارامی نیشتمانەکەمان دەدەین کە چەندین ڕاستی نەبیستراو بەم زوانە ئاشکرا دەکەین و پیلانگێڕان ڕیسوا دەکەین". وەک لە رونکردنەوەکەدا باسیکردووە.

دەڵێت "هەموو ئەندامانى ئەو تاقمە کە بەشداربوون لەو پەلامارەدا وێنە و ناوەکانیان لەلامان پارێزراوەو ڕوبەڕووى یاسا بەرکارەکانى هەرێمى کوردستان و ئەنجومەنى ئاسایشیان دەکەینەوە، هەموو لایەکیش ئاگادار دەکەینەوە کە دەبێت لە ئاستی بەرپرسیارێتی و گۆڕانکارییەکاندابن و لە ڕاستای ئەو گۆڕانکاریانەدا دۆست و دوژمن و چەتە و قاچاخچی و تاوانباران و لەیاسا دەرچووان بناسن و ئەوە بزانن کە هیچ بەهانە و پاساوێک بۆ درێژەدان بەم دۆخە و مانەوەی نەماوە و ئاسایش و ئارامی و هەموو دەسکەوتە باڵاکانی ئەم ئەزموونەش کەوتوونەتە مەحەکی ئەو گۆڕانکاریانەوە کە پێویستە بکرێن، هیچ سازش و کەمتەرخەمییەکیان تێدا نەکرێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×