بارزانی: ئەو هێزانەی لەدەرەوەی یاسان شنگال بەجێبهێڵن‌و بارودۆخی قه‌زاكه‌ ئاسایی بكرێتەوە
  2023-03-11       504       


مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان جارێكی‌ دیكه‌ داوای‌ جێبەجێبونی ڕێككەوتنی شنگال دەكات‌و بەپێویستی‌ ده‌زانێت كه‌ "ئەو هێزانەی لەدەرەوەی یاسان شنگال بەجێبهێڵن‌و بارودۆخی شنگال ئاسایی بكرێتەوەو بدرێتەوە دەست خەڵكی ڕەسەنی شنگال."

ئاوێنه‌: باره‌گای‌ بارزانی‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، لەسەڵاحەددین مەسعود بارزانی لەگەڵ میر حازم تەحسین بەگ میری ئێزیدیان و شێخ عەلی ئەلیاس بابا شێخ و ئەنجوومەنی ڕۆحانیی ئێزیدی كۆبوەوە.

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌، "پێویستە بەزوترینكات ڕێككەوتننامەی شنگال جێبەجێ بكرێ و كۆسپ و تەگەرەی بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی باب و باپیرانیان نەمێنن."

ئه‌وه‌ش هاتووه‌، "هەر پەیوەست بەبابەتی شنگالەوە سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕو كە بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتیی جێبەجێبوونی ڕێككەوتنی شنگال دەكات و بەپێویستشی زانی ئەو هێزانەی لە دەرەوەی یاسان شنگال بەجێ بهێڵن و بارودۆخی شنگال ئاسایی بكرێتەوەو بدرێتەوە دەست خەڵكی ڕەسەنی شنگال."

بارزانی جه‌ختی‌ له‌وه‌ش كردۆته‌وه‌ كه‌ "بەهیچ شێوەیەك ڕێگە نادرێت خوشك و برایانی ئێزیدی تووشی نیگەرانی و پەراوێزبوون ببن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×