لە بەغدا کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار لە مۆڵەکاندا وەستاوەن و داوا لە ھاوڵاتیان دەکەن بە خۆڕایی گەشت بکەن
  2023-03-12       1192       

فێڵێکی نوێ لە عێراق لەسەر پرسی دۆلار سەری هەڵداوەتەوە، ئەویش گەشتکردنی هاووڵاتیان بەخۆرایی بۆ دەرەوەی وڵات، بۆ ماوەی هەفتەیەک لە بەرامبەر وەرگرتنی دۆلار بەنرخی حکومی بۆ کومپانیاکانی گەشتوگوزار.

ئاوێنە: هاووڵاتییەکی دانیشتووی بەغدا باسی فێڵێکی نوێ دەکات و دەڵێت: "نوێنەری کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار لە مۆڵەکاندا وەستاوەن، داوات لێدەکەن کە پاسپۆرتەکەتیان پێبدەیت، بۆ ئەوەی ئەوان دۆلاری لەسەر وەربگرن، لە بەرامبەردا گەشتێکی بە خۆڕایت پێدەکەن بۆ دەرەوەی وڵات، كە  مانەوە لە ئۆتێل و خواردنیشت بۆ دابین دەكەن، هەروەها 200 یان 300 دۆلاریشت پێدەدەن، بۆ ئەوەی لەوێ خەرجی بكەیت، ھەر بۆیە ئەم فێڵە لەو بڕیارەی حکومەت دەكرێت، كە بۆ جێگیركردنی بەهای دۆلار دابووی".

لە رابردوو فشارەکانی بردنە دەرەوەی دۆلاری ئەمەریکی لە عێراقەوە زۆر بوون، بانکی ناوەندی عێراقی ناچار کرد چەندین رێکار و بڕیاری جۆراوجۆر دەربکات، بەڵام ئێستا فێڵێک دۆزراوەتەوە کە نەک دۆلار، بەڵکو  خەڵکەکەش بە دۆلارەوە رەوانەی دەرەوە بکەن.

لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق، ئاگایان لەو فێڵە نوێیە هەیە و دەیانەوەێت لە هەفتەی داهاتوودا لە یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەکەیان رێگە چارەیەک بۆ ئەم بابەتە بدۆزنەوە.

ڤیان دەخیل، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەکەین و داوا دەکەین وەزیری گواستنەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی عێراق بێن، بۆ ئەوەی بزانین ئەو کێشەیە چۆن چارەسەر بکەین".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×