شوێنی دابەشكردنی موچەی 20 هەزار خانەنشین لە سلێمانی دەگۆڕدرێت
  2023-03-12       935       

بەڕێوبەری ژمێریاری خانەنشینیی سلێمانی، 20 هەزار خانەنشینی شارستانی ئاگادار دەكاتەوە، كە شوێنی دابەشكردنی موچەكانیان دەگۆڕدرێت و دەشڵێت: ”ئەوەی فۆڕمی ساڵانە نەگەڕێنێتەوە موچەی پێ نادرێت.“

ئاوێنە: سارا حەمەنەجیب، بەڕێوەبەری ژمێریاری خانەنشینیی سلێمانی، ئەمڕۆ یەكشەممە، بە یەكێك لە میدیاكانی پارتی وت"بەهۆی جێبەجێكردنی یاسای چاکسازی و یەكخستنەوەی بانكەكان و كەمكردنەوەی رۆتین و ئاسانكاری بۆ موچەخۆران، بانكەكان ژمارەیان كەمكراوەتەوە و هەر دو بانكێك كراون بە یەك بانك."

ئەوەشی خستەڕو، بەهۆی یەكخستنەوەی دو بانك، موچەی خانەنشینانی شارستانی شوێنەكەی دەگۆڕدرێت، وتیشی: "ئاگاداری هەمو ئەو خانەنشینانە دەكەینەوە، كە موچەیان لە بانكی پیشەسازییە، موچەكانیان گواستراوەتەوە نێو بانكەی تەرمیناڵی شارەزور."

جەختی كردەوە، ئەو خانەنشینانە موچەی مانگی دویان لە تەرمیناڵی شارەزور پێ دەدرێت، كە ژمارەیان 20 هەزار خانەشینی شارستانییە.

بەڕێوەبەری ژمێریاری خانەنشینیی سلێمانی جەختی كردەوە، هەر خانەنشینێك فۆڕمی ساڵانە نەگەڕێنێتەوە، موچەی پێ نادرێت، گوتیشی: "بۆ موچەی مانگی شوبات، دەبێت خانەنشینان ئەو فۆڕمەی پێیان دراوە بیگەڕێننەوە بۆ بانك، ئەگەرنا موچەیان بۆ خەرج ناكرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×