حزبی شیوعی كوردستان رێككەوتنی پێنج لایەنەكە لەبارەی هەڵبژاردن رەتدەكاتەوە
  2023-03-12       440       

سوبحی مەهدی، وتەبێژی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان رایگەیاند، ئەوان رێككەوتنی پێنج لایەنە سیاسییەكە لەسەر پرسی هەڵبژاردن رەتدەكەنەوە چونكە "بەهەمان عەقڵیەتی قۆرخكردن و فەرزكردنی ئیرادەی چەند حزبێكی سیاسی كراوەو دورە لە رەهەندی نیشتمانی."

ئاوێنە: سوبحی مەهدی، وتەبێژی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە، راگەیەندراوێكی لەبارەی رێككەوتی پێنج لایەنی سیاسی لەسەر ناوەڕۆك و شێوازی هەڵبژاردن و كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، بڵاوكردەوە.

سوبحی مەهدی وتویەتی"ئێمە وەك حزبی شیوعی كوردستان ئەم رێككەوتنە پێنج قۆڵییەی كراوە رەتدەکەینەوە، چونكە بەهەمان عەقڵیەتی قۆرخكردن و فەرزكردنی ئیرادەی چەند حزبێكی سیاسی كراوەو دورە لە ڕەهەندی نیشتمانی و هیچ بنەمایەكی رەخساندنی بەشدارییەكی مانادارانەی بۆ هەمو لایەنەكان، تێدانییە ."

وتەبێژی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان جەختی كردۆتەوە"ئەم جۆرە لە كاركردن و هەڵبژاردنیش، هەرێمی كوردستان لە دۆخی قەیرانی هەمەلایەنەی سیاسی و ئابوری و غیابی بەشداری سیاسی راستەقینە دەرباز ناكات."

ئاماژەی بەوەشداوە "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هەرێمی كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت و دوربێت لە عەقڵیەتی لۆكاڵی و دابەشكردنی كوردستان لەسەر بنەمای زۆن و ناوچەی حزبی و خێڵەكی."

هەروەها وتوشیەتی"بۆ زامنکردنی نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی کۆتاکان، پێویستە تۆماری دەنگدەرانیان بەشێوەیەک رێکبخرێتەوە، کە دەنگدان بۆ کۆتاکان بۆ ئەهلی کۆتاکان بێت."

ڕاگەیەنراوی رۆژنامەوانی

لە بارەی رێككەوتی پێنج لایەنی سیاسی لەسەر ناوەرۆك و شێوازی هەڵبژاردن و كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، وتەبێژی حزبی شیوعی كوردستان لێدوانێكی رۆژنامەوانی بڵاو دەكاتەوە.

ئێمە وەك حزبی شیوعی كوردستان ئەم رێككەوتنە پێنج قۆڵییەی كراوە رەتدەکەینەوە، چونكە بە هەمان عەقڵیەتی قۆرخكردن و فەرزكردنی ئیرادەی چەند حزبێكی  سیاسی كراوەو دورە لە ڕەهەندی نیشتمانی و هیچ بنەمایەكی  ڕەخساندنی بەشدارییەكی مانادارانەی بۆ هەمو لایەنەكان، تێدانییە .

دوپاتی دەكەینەوە ئەم جۆرە لە كاركردن و هەڵبژاردنیش هەرێمی كوردستان لە دۆخی قەیرانی هەمەلایەنەی سیاسی و ئابوری و غیابی بەشداری سیاسی راستەقینە دەرباز ناكات .

جەخت دەكەینەوە پێویستە هەڵبژاردن لەسەر بنەمای گەڕانەوە بۆ ئیرادەی خەڵك بێت دور لە پێوەری بەرژەوەندی تەسكی حزبی بێت و زەمانەتی هەڵبژاردنێكی پاك و كۆمیسۆنێكی سەربەخۆو پیشەیی بكرێت و رێگا بە هیچ لایەنێكی سیاسی نەدرێت دارایی و موڵكی گشتی بۆ بەرژەوەندی حزبی لە هەڵبژاردنەكان، بەكاربهێنرێت .

ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هەرێمی كوردستان یەك بازنەی هەڵبژاردن بێت و دوربێت لە عەقڵیەتی لۆكاڵی و دابەشكردنی كوردستان لەسەر بنەمای زۆن و ناوچەی حزبی و خێڵەكی .

بۆ زامنکردنی نوێنەرایەتییەکی راستەقینەی کۆتاکان، پێویستە تۆماری دەنگدەرانیان بەشێوەیەک رێکبخرێتەوە، کە دەنگدان بۆ کۆتاکان بۆ ئەهلی کۆتاکان بێت.

سوبحی مەهدی وتەبێژی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان

12ی ئایاری 2023.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×