ساڵی 2008 گۆڕی سەدام حسێن لە گوندی عۆجە لە پارێزگای سەڵاحەدین. وێنە: ئەرشیف
پاش بڵاوبونەوەی قسەکانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق سەبارەت بە گواستنەوەی تەرمی سەدام حسێن، ئەمڕۆ یەكشەممە، سەرچاوەیەکی نزیک لە ڕەغدی کچی سەدام حسێن بە بەشی كوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند چەند مانگێک لەمەوبەر ڕەغد پێی وتوە "تەنها سێ کەس دەزانن روفاتەکە بۆ کوێ براوەو گۆڕەکەی لە کوێیەو هەتا ئەو کاتەی عێراق لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندا بێت ئێمە شوێنەکەی ئاشکراناکەین."
ئاوێنە: سەرچاوەکەی نزیک ڕەغد کە دەنگی ئەمریكا دەڵێت، بەهۆی "مەترسی ئەمنی" نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، وتوشیەتی" گۆڕەکەی سەدام حسێن وەکو مەزارگەی لێهاتبو، جەماعەتی مالیکی و لایەنی شیعەکانی سەر بە ئێران پێیان ناخۆش بو، بۆیە ڕێککەوتنێک کرا لەگەڵ شێخی عەشرەتەکەی سەدامدا کە ڕوفاتەکە لەو مزگەوتە دەربکەن و بیگوازنەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو."
ئەو وتیشی "ڕوفاتەکە لە سەرەتای کۆنترۆڵکردنی تکریت لەلایەن داعشەوە گوازراوەتەوە."
هاوکات لەگەڵ نزیکبونەوەی بیستەمین ساڵیادی ڕوخانی ڕژێمی دیکتاتۆری پێشوی عێراق سەدام حسێن لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق مستەفا کازمی لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت وتی، دوای ئەوەی سەدام حسێن لەسێدارە درا "تەرمەکەیان هێنا لەبەردەم ماڵەکەی من و ماڵی نوری مالکیدا فڕێدرا، بەڵام نوری مالیکی بە پاسەوانەکانی راگەیاند کە رادەستی یەکێک لە شێخەکانی خێڵی ئەلنەدا خێڵی سەدام حسێن-ی بکەن، دواتر لە تکریت بەخاکسپێردرا."
کازمی ئەوەشی ئاشکرا کرد کاتێک داعش کۆنترۆڵی ناوچەکەی کرد، گۆڕەکە دەرهێنراوەو روفاتەکەی گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی نهێنی کە تا ئێستا کەس نازانێت لە کوێیەو دەستکاری گۆڕی کوڕەکانیشی کراوە.