سودانی سەردانی هەولێر دەکات
  2023-03-14       430       

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ سەردانی شاری هەولێر بکات و دوای کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، سبەینێ سەردانی شاری سلێمانی بکات، بەمەبەستی بەشداریکردن لەدیداری سلێمانی کە رۆژانی 15 و 16ـی ئەم مانگە لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

ئاوێنە:  زانیاریەکان، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیش پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا دەبێت.

هەر بەگوێرەی زانیاریەکان، یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی سەردانەکەی سودانی بۆ هەولێر باسکردن دەبێت لە رێکەوتنی هەردولا و پابەندبون پێوەی، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە مەبەستی بەشداریکردنی لە دیداری سلێمانی کە  بە دروشمی (پاش 20 ساڵ عێراق و ناوچەکە لەنێوەندی ئاڵنگارییە جیهانییە نوێیەکان)، لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە ( 15، 16) ئەم مانگە  لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.

دیداری سلێمانی، گەورەترین دیداری سیاسیە لە هەرێم و عێراق کە بەبەشداری سەرکردەو کەسایەتییە سیاسییە کاریگەر و بڕیاربەدەستەکان لەسەر ئاستی گۆڕەپانی سیاسی و دەوڵەتداری و باڵیۆز و نێردەو دیپلۆماتکارانی وڵاتان بەڕێوەدەچێت.

لە دیداری سلێمانیدا تیشک دەخرێتە سەر پرسە سیاسییەکان لەسەر ئاستی هەرێم، عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای باشور کە لەلایەن پەیمانگای لێکۆڵینەوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان (IRIS) لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەڕێوە دەبرێت.

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×