حزبی دیموكرات بانگەشەیەكی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران رەتدەكاتەوە
  2023-03-14       554       

حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بانگەشەیەكی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لەبارەی دەستگیركردنی گروپێكی سەربە حزبەكەیان رەتدەكاتەوەو دەڵێت، ئەو بانگەشەیەی وەزارەتی ئیتڵاعات جگە لە چەواشەكاری و پلانگێڕی، هیچ شتێكی دیكە نییە.

ئاوێنە: شەوی رابردو وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەدابو كە حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران گروپێكی بە چەك و كەرەستەی سەربازییەوە ناردۆتەوە ناوخۆی وڵات بۆ ئەنجامدانی "كاری تێكدەرانە" لە شەوی چوارشەممە سوریدا، گروپەكە دەستگیركراون و دەستیش بەسەر چەك و كەرەستە سەربازییەكاندا گیراوە.

لەبەرامبەردا ئەمڕۆ سێشەممە، حزبی دیموكراتی كوردستان ئێران لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە وەزارەتی ئیتڵاعات و ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانی ئێران لەماوەی 44 ساڵی رابردودا، بە بەردەوامی "درۆ و بوختان"یان بۆ خەباتگێڕانی كورد هەڵبەستوە بەتایبەت حزبی دیموكرات و وتویەتی"بۆیە ئیدیعای ئەمجارەشیان جگە لە چەواشەکاری و پیلانگیڕیی زیاتر هیچ شتێکی دیکە نییە."

جەختیشی كردۆتەوە "ئەوەی لە بەیاننامەکەی وەزارەتی ئیتلاعاتدا لە پەیوەست بە حیزبی دیموکرات هاتوە بەتەواوی ناڕاستەو حیزبی دێموکرات لە هیچ شوێنێکەوە کەس و تیمی ئەویش بۆ ئەو مەبەستە نەناردۆتەوە."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "کوماری ئیسلامی و دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی...لە بەرەبەری چوارشەممەسوری و بۆنەکانی نەورۆزدا خەریکی شەڕفرۆشی و پیلانگێڕییەو ئەو درۆ و چەواشەکارییانەیشی هەر بۆ ئەو مەبەستەیە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×