سەرۆک وەزیرانی عیراق گەیشتە سلێمانی
  2023-03-15       450       

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە سلێمانی و بەشداریی لە "دیداریی سلێمانی" دەکات. 
 
ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی 3ـی 2023، سەرۆک وەزیرانی عیراق بە مەبەستی بەشداریکردن لە دیداری سلێمانی، گەیشتە سلێمانی. 

بڕیارە دیدارەکە دوو رۆژ بخایێنێت و هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و چەندین بەرپرسی دیکەی حکومی و حزبی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشداریی دەکەن. 

لە دیدارەکەدا چەندین بیرمەند و کەسایەتی و شارەزا و سەرکردە خاوەن بڕیارەکان لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکا بەشدار دەبن و لەبارەی دیارترین کێشەکان لەژێر ناونیشانی، "پاش 20  ساڵ؛ دۆخى عێراق لە نێوەندى ئاڵنگارییە جیهانییە نوێییەکاندا" گفتوگۆدەکەن.

دیداری سلێمانی لە ساڵی 2013ـەوە رێک دەخرێت و تێیدا چەندان سیاسی و خاوەن بڕیار لەسەر ئاستی جیهان بۆ گفتوگۆکردن کۆدەبنەوە.

بەشێک لەو پرسانەی لە پانێلەکەدا باسی لێوەدەکرێت باس لە 20 ساڵ گۆڕانی سیاسی عێراق و دەستوور و پرسەکانی نەوت و گۆڕانی کەشوهەوا و ئابووری عێراق دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×