سه‌رۆك كۆماری عێراق رایگه‌یاند، ئه‌وكاته‌ی هه‌واڵی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی پێگەیشتوە له بریتانیا بوە و ده‌ستبه‌جێ راگه‌یاندنه‌كانی وڵاتانی جیهانی له‌و روداوه ئاگاداركردۆته‌وه، جەختیش دەکاتەوە لەوەی دەبێت هەمو هەوڵێک بدرێت تاوەکو کارەساتی هاوشێوەی هەڵەبجە دوبارە نەبێتەوە و هیچ کاتێکیش ئەو روداوە لەبیر نەکرێت.
ئاوێنه: د. له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ له‌وتارێكدا له مه‌راسیمی یادكردنه‌وه‌ی ساڵیادی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا ئەوەشی خستەڕو، "هه‌ڵه‌بجه نه‌ك هه‌ر هه‌ست و شعوری كوردستان و هه‌ڵه‌بجه، به‌ڵكو هه‌مو دونیای وروژاند، هه‌ڵه‌بجه بۆته شاری خه‌بات و قوربانی نه‌ك هه‌ر له كوردستان، به‌ڵكو ده‌توانم بڵێم زۆر شوێنی دونیاشی گرته‌وه ئه‌و كاره‌ساته، ئه‌وه‌ی حه‌ز بكه‌م بیڵێم ده‌بێت هه‌مو هه‌وڵ و خه‌باتێكمان بۆئه‌وه بێت جارێكی دیكه كاره‌ساتی وادروست نه‌بێته‌وه نه‌ك هه‌ر له‌كوردستان به‌ڵكو له هیچ شوێنێكی دونیا".
وتیشی،" كاره‌ساته‌كه، كاره‌ساتێكی وا ئاسان نه‌بو، ئه‌و شه‌هید و قوربانیانه‌ی له هه‌ڵه‌بجه به‌هۆی غازی كیمیایی به‌سه‌ریان هات شتێكی ئاسان نیه كه ئینسان له‌بیری بچێت، ده‌بێ هه‌موكاتێك به‌بیر خۆمانی بهێنینه‌وه و كاره‌ساتێكی وا روبداته‌وه".
سه‌رۆك كۆماری عێراق باسی له‌وه‌شكرد، "ئه‌زمونی خۆم باس ده‌كه‌م له‌و كاره‌ساته كه چۆن ئاگاداركراین و هه‌ست و شعورێكمان به‌رامبه‌ر به‌و كاره‌ساته هه‌بو، من ئه‌وكاته له شاری له‌نده‌ن بوم، رۆژی 17ی مانگ نزیكه‌ی كاتژمێر 11:00ی به‌یانی بو، هه‌ڤاڵی خۆشه‌ویست نوێنه‌ری یه‌كێتی له كرمانشا كاك ره‌فعه‌تی مه‌لا ته‌له‌فۆنی بۆ له‌نده‌ن كرد، كه ته‌له‌فۆنه‌كه‌م هه‌ڵگرت و جوابم دایه‌وه به‌ڕاستی ده‌نگه‌كه‌ی ئه‌وه‌نه به‌گریانه‌وه بو نه‌یده‌توانی قسه بكات، ماوه‌یه‌كی زۆری ویست تا ئاگاداری كردم و وتی شاری هه‌ڵه‌بجه ته‌واو بو، كیمیابارانكرا و به‌ر غازی كیمیایی كه‌وت، ئۆتۆمبێلێكم پڕكردوه و گه‌یشتومه‌ته شاری كرمانشان، وتی جه‌نابی مامجه‌لال له‌كوێیه؟ پێموت ئه‌وه‌تا له‌گه‌ڵ مامجه‌لال و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د دانیشتوم، دوای ته‌له‌فۆنه‌كه هه‌رسێكمان سه‌یری یه‌كترمان ده‌كرد زیاتر له سه‌عاتێك نه‌مانده‌زانی چی بكه‌ین و چی نه‌كه‌ین بۆئه‌و كاره‌ساته‌ی له هه‌ڵه‌بجه رویداوه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، دا‌واشیان له‌من كرد، بچم به‌راگه‌یاندنه‌كان بڵێم، هه‌ڵسام چومه ده‌ره‌وه راگه‌یاندنی بریتانیا و وڵاتانی دیكه‌مان ئاگاداركرده‌وه، زۆربه‌یان بڕوایان به‌و كاره‌ساته نه‌ده‌كرد.
د. له‌تیف ره‌شید، سه‌رۆك كۆماری عێراق ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، "ئه‌و كاره‌ساته بو به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی خه‌باتی گه‌لی كورد بخاته به‌ر چاوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، بوه هۆی پێزانینی زیاتر به‌خه‌باتی كورد، بۆیه ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه بۆ كوردستانی كردوه نابێت هیچ كاتێك له‌بیرمان بچێت، هیوادارم ئه‌م شاره ببێته نمونه‌ی قوربانی و خه‌بات نه‌ك هه‌ر له‌كوردستان به‌ڵكو له‌هه‌مو شوێنێكی دونیا".
هه‌ر له‌وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆك كۆماری عێراق وتی، "زۆرم پێخۆشبو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بریاریدا هه‌ڵه‌بجه بكرێته یه‌كێك له پارێزگاكانی عێراق و زۆر پیرۆزباییتان لێده‌كه‌م و به‌فه‌خره‌وه باسی ده‌كه‌م، هه‌وڵی زۆریشماندا بۆئه‌وه‌ی ئه‌وه جێبه‌جێبكرێت".