دوای ئەوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر هاوسەرگیری کوڕێکی عێراقی و کچێکی کوەیتی، کە مارەییەکەیان یەک کیلۆ ئاڵتون و ملیارێک بوو کاردانەوەیەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمڕۆ کوڕە عێراقییەکە هەواڵی جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی بڵاوکردەوە.
ئاوێنه: ئەمڕۆ هەینی، حەیدەر خالید ئەو کوڕە عێراقییەی لەماوەی رابردوودا لەگەڵ کچێکی کوەیتی بە ناوی غەدیر فەیسەڵ بە مارەیی یەک کیلۆ ئاڵتون و ملیارێک یۆرۆ هاوسەرگیری کرد، جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی راگەیاند.
حەیدەر خالید لەسەر جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیک تۆک دەڵێت:" لەگەڵ غەدیر کە دەکاتەوە هاوسەری پێشووم، دوای گفتوگۆیەکی هێمن و دۆستانە بە رەزامەندی هەردوولامان و بەهۆی نەبوونی لێکتێگەیشتنێکی پێویست لەنێوانماندا گەیشتوونەتە ئەو بڕیارە کە لەیەکتر جیاببینەوە".
ئەو گەنجە عێراقییە دەشڵێت:" لەنێوان من و غەدیر هیچ گرژی و ئاڵۆزییەک بەهۆی جیابوونەوەکەوە رووی نەداوە و هیوای ژیانێکی ئاسوودەی بۆ دەخوازم".
ئەمەش لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا کچە کوەیتییەکە هیچ لێدوانێکی سەبارەت بە جیابوونەوەکەیان نەبووە.