پاپای ڤاتیکان دوای دو ساڵ لەسەردانەکەی بۆ عێراق و کۆبونەوەی لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، نامەیەکی ئاڕاستەی ناوبراوکردوە و تیایدا داوا دەکات سەرکردە ئاینییەکان رۆڵێکی کاریگەرتر بگێڕن لە بڵاوکردنەوەی ئاشتی، پاراستنی کەمینەکان و رێزگرتن لە جیاوازییە ئاینییەکان، ئەوەش بە بناغەی پێکەوەژیان و پێشکەوتنی گەلان ناو دەبات.
ئاوێنە: پاپا فرانسیس دوای تێپەڕبونی دو ساڵ بەسەر کۆبونەوەی لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کە لە نەجەف بەڕێوەچو، نامەیەکی ئاڕاستەی سیستانی کردوە و تیایدا باسی لەوەکردوە، کۆبونەوەکەی نەجەف سودبەخش بوە و هەنگاوێکی گرنگ بوە لە دەستپێکی گفتوگۆی نێوان ئاینەکان و لێکتێگەیشتنی گەلان کە دواجار دەبێتە بناغەی ئاشتی و بەرگری لە لاوازەکان، لەم بوارەشدا رۆڵی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لە پاراستنی کەمینەکان و یەکێتی عێراقییەکان بەرز دەنرخێنێت.
ئەوەشی خستوەتەڕو، هاوکاری و کاری پێکەوەیی لەنێوان باوەڕدارانی ئایینە جیاوازەکان کارێکی پێویستە و لە بەرژەوەندی مرۆڤایەتیدایە، بۆیە پێکەوەبون ناوازەیی دروست دەکات و کۆمەڵگا بەرەو کەنارێکی ئارام و ئاشتی دەبات، ئەوەش یەکێتییەکی پتەوی مرۆیی لە زەویدا بەرهەم دەهێنێت.