نێچیرڤان بارزانی: هه‌نگاوه‌كانى ئێستاى حكومه‌تى عێراق مايه‌ى خۆشحاڵين
  2023-03-18       448       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق، رایگەیاند، "كەشێكی ئەرێنی" لەنێوان بەغداو هەولێردا هەیەو "هه‌نگاوه‌كانى تا ئێستاى حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق مايه‌ى ئومێد و خۆشحاڵين."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم، پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شەممە، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ‌ ماوريتزيۆ گرێگانتى، باڵيۆزى ئيتاليا له‌ عێراق، بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئيتاليا، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێرو به‌غداو گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، تاوتوێ كرد.

نێچيرڤان بارزانى ده‌رباره‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێرو به‌غدا ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ "كه‌شێكى ئه‌رێنى له‌نێوان هه‌ردودا هه‌يه"‌ و "هه‌نگاوه‌كانى تا ئێستاى حكومه‌تى فيدراڵيى عێراق مايه‌ى ئومێدو خۆشحاڵين."

بەپێی راگەیەندراوەكە، سەرۆكی هەرێم دوپاتى كرده‌وه‌ كه‌ "به‌غدا هاوبه‌شى سه‌ره‌كيى هه‌رێمى كوردستانه‌و جگه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، هيچ ڕێگه‌يه‌كى ديكه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ردولادا نييه‌."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لاى خۆيه‌وه‌ باڵيۆزى ئيتاليا دوپاتى كرده‌وه‌ كه‌ "چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان هه‌ولێرو به‌غدا ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى زياتر ڕوى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بێت و بوارى سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانى بيانى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان زياتر ده‌كات."

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، پوخته‌ى كارو چالاكييه‌كانى ئيتاليا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بو كه‌ كونسولى ئيتاليا له‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×