"ئێران فشاره‌كانی‌ بۆ سه‌ر هه‌رێم‌و به‌غدا چڕكردۆته‌وه‌ بۆ چه‌ككردنی‌ حیزبه‌كانی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان"
  2023-03-19       651       

به‌رپرسانی حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان دەڵێن، ئێران فشاره‌کانی بۆ سه‌ر عێراق و هه‌رێمی کوردستان چڕکردووه‌ته‌وه‌ بۆ چه‌ککردنیان، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌که‌نه‌وه‌ وێرای پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام ئاماده‌ نین چه‌ک دابنێن و دواتر"کوشت و بڕ"بکرێن.

ئاوێنه‌: خه‌لیل نادری، وته‌بێژی پارتی ئازادی کوردستان به‌ده‌نگی ئه‌مریکای ڕاگه‌یاندووه‌، "ئێران به‌رده‌وام فشار له‌ هه‌رێم و عێراق ده‌کات، تا هێزه‌ کوردییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات چه‌ک بکرێن و وه‌کو په‌نابه‌ر له‌ که‌مپێکدا کۆبکرێینه‌وه‌، تا کوشت و بڕ بکرێین."

ئه‌و ده‌ڵێت، "هه‌رێم به‌و داواکارییه‌ی ئێران ڕازی نه‌بووه‌، چونکه‌ ئێمه‌ له‌ پێش ڕاپه‌رینه‌وه‌ له‌ هه‌رێمین، ئێمه‌ هه‌رگیز ده‌ست له‌ چه‌ک به‌رناده‌ین، به‌ڵام موراعاتی دۆخی هه‌رێممان کردووه‌ و هیچ جوڵه‌یه‌کی سه‌ربازیمان له‌ هه‌رێمه‌وه‌ ئه‌نجام نه‌داوه‌."

ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌مه‌، عه‌لی شه‌مخانی ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران سه‌ردانی به‌غدای‌ کرد، دوای کۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراقدا، له‌گه‌ڵ قاسم ئه‌عره‌جی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقدا، رێککه‌وتنی ئه‌منییان بۆ پاراستنی سنوره‌کانی نێوان هه‌ردوو وڵات ئه‌نجامدا.

عه‌تا سه‌قزی وته‌بێژی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران ڕایگه‌یاندووه‌، "یه‌کێک له‌ ئه‌جێندای سه‌ردانه‌که‌ی عه‌لی شه‌مخانی بۆ عێراق، چه‌ککردنی حزبه‌ کوردییه‌کانی ئێران و کۆکردنه‌وه‌یانه‌ له‌ که‌مپدا."

وتیشی، "ئێمه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هه‌رێم ده‌پارێزین، به‌ڵام تا ئێستا به‌فه‌رمی باسی چه‌ککردنمان له‌گه‌ڵ نه‌کراوه‌، گه‌ر داوامانلێکرا، هه‌ڵوێستی خۆمان ده‌رده‌بڕین."

پێشتر به‌رپرسانی ئه‌منی و سه‌ربازی ئێران، داوایان له‌ عێراق کردبوو ناوچه‌ سنورییه‌کانی نێوان هه‌رێم و وڵاته‌که‌یان کۆنترۆڵ بکات، به‌ بیانووی دزه‌کردنی چه‌کداری سه‌ربه‌ حزبه‌ کوردییه‌کان له‌ هه‌رێمه‌وه‌ بۆ نێو وڵاته‌که‌یان، به‌ڵام به‌رپرسانی پارته‌ کوردییه‌کان به‌کارهێنانی خاکی هه‌رێم بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر ئێران ره‌تده‌که‌نه‌وه‌.

حکومه‌تی عێراق بڕیاری دروستکردنی هێزێکی نوێی پاراستنی سنوری بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچه‌ سنورییه‌کانی نێوان ئێران و هه‌رێم داوه‌، به‌ڵام تا ئێستا هێزه‌که‌ به‌فه‌رمی پێکنه‌هێنراوه‌ و له‌ناوچه‌ سنورییه‌کان ده‌ست به‌کارنه‌بووه‌.

لای‌ خۆیه‌وه‌ خه‌لیل نادری، وته‌بێژی پارتی ئازادی کوردستان ڕوونیکردۆته‌وه‌، له‌گه‌ڵ نزیکبوونه‌وه‌ له‌ نه‌ورۆز و فشاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی سه‌ر ئێران، تاران ترسی له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی هه‌یه‌، بۆیه‌ فشاره‌کانی بۆ سه‌ر هێزه‌ کوردییه‌کان ده‌ستپێکردووه‌ته‌وه‌، ده‌شڵێت، "هه‌رێم داوای له‌ هێزه‌ کوردییه‌کانی رۆژهه‌ڵات کردووه‌، له‌ ناوچه‌ سنورییه‌کان نه‌مێنن و جوڵه‌ی سه‌ربازی ئه‌نجام نه‌ده‌ن."

سه‌رباری خواستی ئێران بۆ چه‌ککردنی حزبه‌ کوردییه‌کانی ئێران، به‌ڵام هێشتا به‌فه‌رمی له‌لایه‌ن هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ داوای چه‌ک دانان له‌ حزبه‌ کوردییه‌کان نه‌کراوه‌، به‌ڵام داوایانلێکراوه‌ که‌ هێزه‌کانیان له‌ ناوچه‌ سنورییه‌کان دووربخه‌نه‌وه‌ و به‌کاری نه‌هێنن بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر ئێران.

لە ساڵی ڕابردووشدا ئێران چەندین جار هێرشیکردە سەر بنکەو بارەگاکانی پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا ئەمەش وای کردووە مەترسییەکانیان لەبەرامبەر هێرشەکانی ئێران زیاتر ببێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×