"عێراق لە ئێستادا بە كەمتر لەو نرخەی لە بودجەدا دیاریكراوە نەوت دەفرۆشێت"
  2023-03-20       367       

شارەزایەكی بواری نەوت دەڵێت، عێراق لە ئێستادا بە كەمتر لەو نرخەی كە لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2023دا دیاریكراوە، نەوتەكەی دەفرۆشێت، ئەوەش نیگەرانییەكان لەبارەی زیادبونی كورتهێنانی بودجەی ئەمساڵ زیاتر دەكات.

ئاوێنە: هەمزە جەواهیری، شارەزای عێراقی لە بواری نەوت، ئەمڕۆ دوشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ پێگەی "بەغداد ئەلیەوم" رایگەیاند، لە پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵی عێراقدا نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە 70 دۆلار دانراوە، لەكاتێكدا نرخی یەك بەرمیل نەوت لە ئێستادا لە بازاڕەكانی جیهان 72 دۆلارە، بەڵام عێراق نەوتەكەی بە زیاد لە پێنج دۆلار كەمتر لە نرخی جیهانی نەوت دەفرۆشێت، بەوەش لە ئێستا ئەو نەوتەی دەیفرۆشێت بە نرخێكی كەمترە لەوەی لە بودجەدا دانراوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەو دابەزینەی نرخی نەوتیش نیگەرانییەكان لەبارەی زیادبونی كورتهێنان لە بودجەدا زیاتر دەكات.

بەبڕوای ئەو شارەزایەی نەوت هەمو پێنیشاندەرو پێدراوەكان، ئاماژەن بۆ دابەزینی زیاتری نرخی نەوت لە قۆناغی داهاتودا، كە ئەوەش كاریگەری دەبێت لەسەر داهاتی دارایی عێراق كە لەسەدا 95 پشتی بە پارەی نەوت بەستوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×