ژنێک و چوار پیاو لە بەندیخانەی ئورمیە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە
  2023-03-23       337       

پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شاری ئورمیە بە ناوەکان وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی، رەحمان پڕحازوو، مەنسوور رەسووڵی و نەسیم نەمازی، لەلایەن دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لەو شارە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.

ئاوێنە: بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شاری ئورمیە بە ناوەکانی نەسیم نەمازی، وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی، رەحمان پڕحازوو و مەنسوور رەسووڵی، لە کۆتایییەکانی مانگی رێبەندانی 2722 و لەلایەن لقی 3ی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەجەفزادە"، بە تۆمەتی "هاوکاریی ئەمنییەتی و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

هەروەها ئەو دادگایە بە تۆمەتی هاوشێوە، پێنج هاووڵاتیی دیکەی ئەو شارەی بە ناوەکانی کامران هەنارە، فەخرەدین دووکانلووی میلان، ئەشکان عوسمان‌نژاد گەندووک، حەسەن عومەرپوور و ئەمیر موشتاق گەنگچین، هەر کامێکیان سزای 10 ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

لەنێو ئەو بەندکراوانەدا رەسووڵ مەنسووری ناسراوترە. پێشتر ڤیدیۆیەکی "لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە" لە ناوبراو لەلایەن "گرووپێکی سەر بە ئیسرائیل" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرایەوە.

ئەو 10 بەندکراوەی خەڵکی ئورمیە، ساڵی 2021 و 2022، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە رفێندراون و پاشان هەر یه‌كه‌یان ماوەی چەند مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراون.

ئەو پێنج بەندکراوە، رۆژی رابردووش دوای چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بە شێوەی کاتی مانگرتنەکانی خۆیانیان راگرتووە و بۆ بەندی سیاسیی ئەو بەندیخانەیە گەڕێندراونەتەوە.

نەسیم نەمازی، لەو بەندکراوانەیە کە هاوکات لەگەڵ مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی لەسێدارەدراو لە بەندیخانەی ئورمیە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوویەەوە و ئێستاش ئەگەری جێبەجێکرانی سزاکەی هه‌یه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×