کۆمپانیای تۆیۆتا فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی کامری رادەگرێت
  2023-03-23       652       

کۆمپانیای تۆیۆتا بڕیاری راگرتنی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی جۆری کامری-ی دا و لە ئێستاوە تا کۆتایی ساڵ پلە بە پلە بڕیارەکە جێبەجێدەکات.

ئاوێنە: کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، فرۆشتنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە لە ناوخۆی ژاپۆن رادەگرن و زیاتر گرنگی بەو وڵاتانە دەدەن کە لە 43 ساڵدا بەرهەمەکانیان بەناوبانگبووە.

تۆیۆتا بریکارەکانی ژاپۆنی ئاگادارکردووەتەوە کە لە کۆتایی ئەمساڵدا بەرهەمهێنانی کامری بۆ کڕیارە ناوخۆییەکان رادەگرێت، و بەرهەمهێنانی تەنها بۆ هەناردەکردن بەردەوام دەبێت.

فرۆشی ناوخۆیی بە قۆناغ کۆتایی دێت و کۆمپانیای تۆیۆتا لە ئێستاوە زۆربەی داواکارییە نوێیەکانی وەستاندووە، مۆدێلە نوێیەکانی کامری کە لە قۆناغی پەرەپێداندان بە تایبەتی بە بازاڕەکانی دەرەوەی وڵات دەفرۆشرێن.

ئۆتۆمبێلەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەمریکا و چین و ژاپۆن دروستدەکرێت و هاوشێوەی ئۆتۆمبێلی جۆری کۆرۆلا ئۆتۆمبێلی کامری ئۆتۆمبێلێکی گرنگە بۆ کۆمپانیاکە و ناوی کامریش لە وشەیەکی ژاپۆنییەوە هاتووە کە بە واتای “تاج” دێت.

تۆیۆتا لە ساڵی 1980ـەوە تا ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن و 300 هەزار ئۆتۆمبێلی جۆری کامری لە ژاپۆن فرۆشتووە، ئۆتۆمبێلەکە لە ناوخۆدا بە نرخی نێوان 3.49 ملیۆن یێن بۆ 4.68 ملیۆن یێن دەفرۆشرێت کە دەکاتە 26 هەزار و 400 بۆ 35 هەزار و 450 دۆلار.

کامری لە زیاتر لە 100 وڵاتدا دەفرۆشرێت و تا کۆتایی ساڵی 2022 زیاتر لە 21 ملیۆن ئۆتۆمبێل کڕدراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×