دو لە ئەندامانی باندێكی "رفاندنی هاوڵاتیان" لە هەولێر دەستگیركران
  2023-03-24       339       

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، باندێكی سێ كەسی هەڵساون بە رفاندنی هاوڵاتییەكی عەرەب و داوای 250 هەزار دۆلاریان لە خانەوادەكەی كردوە لەبەرامبەر ئازادكردنی. دوای چوار رۆژ لە رفاندنی و دەستبەسەركردنی لە ماڵێكدا لە شەقڵاوە، هاوڵاتییەكە لەلایەن پۆلیسەوە رزگاركراوەو دو لە ئەندامانی باندەكەش دەستگیركراون.

ئاوێنە: هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، باندێكی سێ كه‌سی، كه‌ دوانییان به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك كورد و یه‌كێكیان عه‌ره‌ب، هه‌ڵده‌ستن به‌ رفاندنی هاوڵاتییه‌كی عه‌ره‌ب و داوای 250 هه‌زار دۆلار له‌ خانەوادەكەی دەكەن له‌به‌رامبه‌ر ئازادكردنی.

وتیشی: دوای ئاگاداركردنه‌وه‌ی پۆلیس و ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌، ده‌ركه‌وت هاوڵاتییە رفێندراوەكە له‌ نێو ماڵێكدا له‌ شارۆچكه‌ی شه‌قڵاوه‌ بۆ ماوه‌ی چوار رۆژ ده‌ستبه‌سه‌ركرابو، له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه رزگاكرا.

وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر راشیگه‌یاند، ئه‌و هاوڵاتییه‌ عه‌ره‌به‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ دو كورده‌كه‌ باندێكیان پێكهێنابو، هاوڕێی خۆی رفاندوه‌، دوای ئاشكرابونی، رایكردوه‌ بۆ به‌غدا و دو كورده‌كه‌ی دیكه‌ش ده‌ستگیركران.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×