پڕۆسەی بە ئەلیكترۆنیكردنی پسوڵەی خۆراك لە دهۆكەوە دەستپێدەكات
  2023-03-25       409       

بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، لە دهۆكەوە كارتی تازەی ئەلیكترۆنیی پسوڵەی خۆراك دەست پێدەكات و دواتر هەمو هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

ئاوێنە: نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ شەممە، بە میدیای پارتی وت"بۆ بەدیجیتاڵکردنی پسوڵەی خۆراکی مانگانەی هاوڵاتییان، لە دهۆک یەکەم کۆبونەوەمان کردوەو بەم نزیکانە دەست بەئامادەسازی دەکرێت، ئەویش بەهاوکاریی بەرنامەی خۆراکی جیهانی و وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی فیدراڵ."

ئاماژەی بەوەشدا، پڕۆسەكە لە دهۆك دەست پێدەكات، وتیشی"بۆ ئەوەی پسوڵەی خۆراک لە دهۆک بكرێتە كارتی ئەلیكترۆنی، لەگەڵ بەڕێوەبەری بازرگانیی ناوخۆ و بەڕێوەبەری ڕێکخستنی پسوڵەی خۆراکی دهۆک و بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچون لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق و ستافی بەرنامەی خۆراکی جیهانی کۆبونەوەمان كردوەو هەنگاوەکانی دەستپێکردنی ئەو پرۆسەیەمان گفتوگۆ کردوەو پلانی گونجاو داندراوەو لەنزیکترین کاتدا دەستی پێدەكرێت."

ئیبتیهال هاشم، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رایگەیاند"بۆ جێبەجێكردنی ڕێنوێنییەكانی وەزیری بازرگانی و بە هاوکاریی بەرنامەی خۆراکی جیهانی، بۆ گفتوگۆکردن و ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ کارکردن لەسەر دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پرۆژەی کارتی بەشەخۆراکی ئەلیکترۆنی لە دهۆک و تەواوی پارێزگەکانی دیكەی هەرێمی كوردستان، کۆبونەوەیەکی فراوان لە پارێزگای دهۆكدا كرا."

ئاماژەی بەوەش کرد، مەبەست لە کۆبونەوەکە پەرەپێدانی ئاماری ورد بۆ خێزانەکان و تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارەکان و بابەتە لۆجستییەکانی پەیوەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیە، لەوانە: "پلانی تۆمارکردن و پێشکەشکردنی چارەسەرێکی دیجیتاڵی و ناسینەوەو هەڵسەنگاندنی پێداویستییەکان و پێویستیی تۆمارکردنی ئاوارەکان و پەرەپێدانی ئاماری ورد بۆ ئەو خێزانانەی لە کەمپەکاندا دەژین، بە مەبەستی داڕشتنی پلانی تۆمارکردنی بەرفراوان."

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند"پڕۆژەی بەدیجیتاڵكردنی کارتی بەشەخۆراک یەکێکە لەو پڕۆژە گرنگانەی کە بەهۆیەوە وەزارەتی بازرگانی هەوڵ دەدات لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی كوردستان جێبەجێی بکات، بۆ ئەوەی لە کاری کاغەزەوە بگوازرێتەوە بۆ کاری ئەلیکترۆنی، ئەمەش هەمو ڕێکارەکانی پەیوەست بە کارتی بەشەخۆراکی ئاسانتر دەکات."

وەزارەتی بازرگانیی عێراق 27ی ئه‌یلولی 2022، دەستپێکردنی دابەشکردنی فۆرمی‌ بەشەخۆراکی ئەلیکترۆنی بەسەر دانیشتوانی‌ گەڕەکێكی پارێزگای نەجەف ڕاگەیاند.

ئەو كارتە ئەلیكترۆنییە، لە زۆر لە فەرمانگەکانی حکومەت دەتواندرێت پشتی پێ ببەسترێت و دەشتواندرێت لەدایكبوی تازەی بۆ زیاد بكرێت و ناوی كەسی مردوش بسڕدرێتەوە.

وەزارەتی بازرگانیی عێراق جەخت دەكاتەوە "ئەم پڕۆژەیە دەرفەتێکی نوێیە بۆ بەرزکردنەوەی سیستەمی پسوڵەی بەشەخۆراک، بۆ ئەوەی لەگەڵ پێشهاتەکانی ئەم دواییەدا بگونجێت و ڕێگریی بکات لە حاڵەتەکانی دەستکاریکردن."

لە مانگی رابردودا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی كۆبونەوەیەكی تایبەت بە پەسەندكردنی كارتێكی ئەلیكترۆنی كرد بۆ هەر سەرۆك خێزانێك، كە بەشەخۆراكی مانگانەی هەیە، سودانی، وەزارەتی بازرگانی راسپاردوە، بەمەبەستی وەستاندنی بەهەدەردانی پارەی گشتی، بەزوترین كات ئەو بەرنامەیە تەواو بكات.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×