بەفر بارین دەستیپێكردو كەشناسی هەرێم دەڵێت: پلەكانی گەرما زۆر نزم دەبنەوە
  2023-03-31       416       

بەربەیانی ئەمڕۆوە بەفربارین لە چەند ناوچەیەكی سنوری پارێزگای دهۆك دەستی پێكردوە، كەشناسی هەرێمیش دەڵێت، ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەكان باران دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەكانیش بەفر دەبارێت و پلەكانی گەرماش زۆر نزم دەبنەوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لە گەڵ بارینی باران لە زۆربەی ناوچەکان هەندێک کات هەورە تریشقەو لێزمە باران دەبێت و هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر بارین دەبێت، پێشبینی دەکرێت سنوری پارێزگای دهۆک ڕێژەی دابارینی زیاتر بێت و لە هەندێک ناوچەش ئەگەری بەرزبونەوەی تۆزو خۆڵ هەیە  .

ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەمڕۆ پلەکانی گەرما بەشێوەیەكی گشتی زۆر نزم دەبنەوە بەراورد بە تۆمارەکانی دوێنێ و وتوشیەتی، لە ناوچە شاخاوییەکان پلەكانی گەرما نزیک دەبنەوە لە سفر پلەی سیلیزی.

بەپێی راگەیەندراوەكە، سبەی شەممە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت لە هەندێک ناوچە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری بارینی کەمێک نمەباران هەیە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە سبەی پلەكانی گەرما بەرزتر دەبن بەراورد بە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ.

كەشناسی هەرێم پێشبینی كردوە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم جۆرە بن: ھەولێر: 14، سلێمانی: 13، دھۆک: 9، کەرکوک: 18، ھەڵەبجە: 16، سۆران: 11، گەرمیان: 21 پلە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×